رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئابووری و بازرگانیی دەرەوەی سووریا بڕیاری دا بە پێکهێنانی ئەنجوومەنی کارسازانی سووریا - عێراق.
نیزاڵ شەعار، وەزیری ئابووریی سووریا، ئێوارەی پێنچشەممە، 5ی تشرینی دووەمی2026، بڕیاری دا (ئەنجوومەنی کارسازانی سووریا- عێراق) لە لایەنی سووریاوە زوهێر هەزاع سەرۆکایەتی بکات.
بەپێی بڕیارەکە، ئەم ئەنجوومەنە دەبێتە تاکە نوێنەری فەرمیی کەرتی تایبەتی سووریا بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنی عێراقی.
رۆژی 2ـی تشرینی دووەمی2026، یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی سووریا رایگەیاند: "حکومەتی عێراق رەزامەندی داوە لەسەر ئاسانکاریی پێدانی ڤیزا بۆ بازرگانانی سووری".
ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم گەیشتنی بازرگانان بە بازاڕەکانی عێراق و زیادکردنی هەناردە و هاوردە لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
پێکهێنانی ئەم ئەنجوومەنە دوای سەردانەکەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ دیمەشق دێت لە 28ـی تشرینی یەکەمی2026، زەیدی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا، باسیان لە چەندین پڕۆژەی ستراتیژی کردبوو، لەوانە زیادکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، هاوکاری لە بواری وزە و هەناردەکردنی نەوتی عێراق لەرێگەی خاکی سووریاوە، هەروەها پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ بۆ گەیشتن بە تەواوکاریی ئابووری.
عێراق دەیەوێت لەرێگەی سووریاوە رێڕەوێکی جێگیر بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی بۆ دەریای نێوەڕاست بدۆزێتەوە تاوەکو کەمتر پشت بە تەنگەی هورمز ببەستێت.


