رووداو دیجیتاڵ
عەبدولموهەیمن بارزانی، بە نوێنەرایەتیی سەرۆک بارزانی و بۆ دەربڕینی هاوخەمی بۆ کۆچی دوایی هەڵکەوت عەزیزی هاوکارمان، لە هەولێر بەشداریی لە پرسەی هەڵکەوت عەزیزدا کرد.
رۆژی دووشەممە، هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو و بەرپرسی نووسینگەکەمان لە بەغدا، بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا.
رۆژی یەکەم و دووەمی پرسەکەی لە کەرکووک بەڕێوەچوو، ئەمڕۆ پێنجشەممە سێیەم رۆژی پرسەکەیەتی و لە هەولێر و بەغدا بەڕێوەدەچێت.
گیانلەدەستدانی هەڵکەوت عەزیز دەنگدانەوەی زۆری لەنێو کوردستان و سۆشیال میدیا دروست کرد. هەمووان پرسە و سەرەخۆشییان بۆ لەدەستدانی پەیامنێرەکەی رووداو دەربڕی.
بەیانی رۆژی دووشەممە، 8ی حوزەیرانی 2026، هەڵکەوت عەزیز لەگەڵ تیمەکەی بەرەو پارێزگای بەسرە بەڕێوەبوو، بەڵام لەسەر رێگای نێوان بەغدا - بەسرە و لە سنووری پارێزگای دیوانییە تووشی رووداوێکی سەختی هاتووچۆ بوون و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستدا.
هەڵکەوت عەزیز لە ساڵی 1989 لە شاری هەولێر لەدایکبووە، دوای ئەوەی بنەماڵەکەی کە خەڵکی رەسەنی کەرکووکن لە ساڵانی هەشتاکاندا لەلایەن رژێمی بەعسەوە راگوێزران.
ئەو دەرچووی بەشی شانۆی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی کەرکووک بوو لە بواری دەرهێناندا، و لە ماوەی 10 ساڵی رابردووی ژیانی پیشەییدا، سەرەتا لە کەرکووک بۆ چەندین کەناڵی ناوخۆیی و ئاسمانی کاری کردووە، پێش ئەوەی ببێتە پەیامنێر و دواتریش بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە بەغدا.
ئەم رۆژنامەنووسە بەهۆی رووماڵە مەیدانییە بوێرەکانی لە بەغدا و ناوچەکانی دیکەی عێراق ناسراوبوو. لە دیارترین کارەکانی، رووماڵکردنی بەرفراوانی خۆپێشاندانەکانی بەسرە بوو لە ساڵی 2018، لەگەڵ ئامادەکردنی راپۆرتێکی کاریگەر لەسەر دۆزینەوەی 76 رووفاتی ئەنفالکراوانی کورد لە بیابانەکانی سەماوە لە تەممووزی 2019 و دواتریش رووماڵی بەردەوامی رووداوە سیاسی و ئابوورییەکانی عێراق.



