رووداو دیجیتاڵ
لە سێیەم رۆژی پرسەی هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە بەغدا کە لە مزگەوتی جەلیل خەیاتی شاری هەولێر بەڕێوەچوو، بەرپرسانی پارتی و یەکێتی وێڕای دەربڕینی هاوخەمی، باسیان لە دوایین گۆڕانکارییەکانی پەیوەندیی نێوان هەردوولا و دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی کرد.
رۆژی پێنجشەممە، 11ـی حوزیرانی 2026، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەرەخۆشی لە خۆمان و کەسوکاری خوالێخۆشبوو کاک هەڵکەوت دەکەین و ئینشەڵڵا جێگەی بەهەشت بێت".
مەحموود محەممەد گوتی: "رۆژنامەنووسانی ئێمە خزمەتی زۆری کوردستان دەکەن بە رۆشنکردنەوە و گەیاندنی هەواڵەکان؛ بەتایبەتی هەوڵکەوت عەزیز کە هەموو سیفاتێکی رۆژنامەنووسی سەردەمیانە و پێشکەوتووی تێدابوو. ئینشاڵڵا کەسوکاری خۆشبن، رووداو سەلامەت بێت و هەموو رۆژنامەنووسانیش دووربن لە ناخۆشی."
لەبارەی کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی، مەحموود محەممەد بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئێمە لە دوای جەژن، لە روانگەی بەخەمەوەبوون و ئەو دەستپێشخەرییەی سەرۆک بارزانییەوە، سەردانی زۆربەی هەرە زۆری لایەنە سیاسییەکانمان کرد و لەگەڵ بەشێکی دیکەشیان لە پەیوەندیدا بووین. ئێستاش بەردەوامین لە سەردان و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ لایەنەکان بۆ ئەوەی زەمینەیەک خۆش بکەین تاوەکو ئەو چەقبەستووییەی هەیە کۆتایی پێ بهێنین".
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی لەوەکرد: "لەگەڵ هەموو لایەنەکان و بەتایبەتی لەگەڵ یەکێتی لە گفتوگۆداین و هەوڵدەدەین زەمینەی ئەوە خۆش بکەین کە کۆببینەوە، تەنانەت لەگەڵ ئەوانەی سەردانیشمان نەکردوون لە پەیامگۆڕینەوەداین بۆ خۆشکردنی زەمینە. یەکڕیزی زۆر گرنگە و دەبێت هەوڵی بۆ بدرێت، چونکە ناوچەکەمان کۆمەڵێک گۆڕانکاری و رووداوی زۆری تێدا روودەدات و ئێمەش دەبێت هاوتەریب لەگەڵ ئەو گۆڕانکاری و رووداوانە خۆمان بگونجێنین."
لەلایەکی دیکەوە، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "کاک هەڵکەوت پیاوێکی شارەزا و پسپۆڕ بوو، لە بارودۆخێکی هەستیاردا کاریکرد و خەسارەتێکی گەورە بوو. ئێمە رۆژنامەنووسی باشمان هەیە، یەکێک لەو کەسانەی بە هەموو ئیتیكی رۆژنامەوانی کاری دەکرد و سەرکەوتنێکی گەورەی لە گواستنەوەی بەئەمانەتی زانیارییەکان بەدەستهێنا، کاک هەڵکەوت بوو".
سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی: "ئەگەر فراکسیۆنە کوردییەکان هێندەی رۆژنامەڤانەکانی دەزگا جیاوازەکان لە بەغدا هاوکار بوونایە، ئەوکات بارودۆخمان لە قۆناخێکی دیکەدا دەبوو."
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی، سەعدی پیرە بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئەو دەستپێشخەرییەی کاک مەسعود و مامۆستا سەڵاحەدین، بەتایبەتی کاک مەسعود کە پیاوێکی شارەزا و بەئاگایە و لە هەموومان ئەزموونی زیاترە، هیوادارم نەهێڵێت ئەم دەستپێشخەرییە تەنیا قسە بێت و بکرێتە کردار و بەدواداچوونی بۆ بکرێت".
سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامی جەژنی قورباندا، بانگەوازێکی ئاراستەی سەرجەم لایەنەکان کرد واز لە "خۆخۆری" بهێنن و دوای جەژن بەیەکەوە دابنیشن.
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باسی لەوەکرد: "هەموو جارێک گوتوومانە دەرگای گفتوگۆ کراوەیە و یەکێتی ئامادەیە. کاک مەسعود لە هەموومان بەتەمەنتر و بەئەزموونترە، کە دەستپێشخەریی کردووە گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە کوردستان هەڕەشەی لەسەرە و لە قۆناخێکی مەترسیداردایە، بۆیە پێم وایە ئەم دەستپێشخەرییە دوانەخرێت و بەدوایدا بڕۆن".
نزیکەی ساڵێک و 8 مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا ناکۆکیی لایەنەکان رێگری بەردەم پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتە. سەعدی پیرە لەبارەی رێکنەکەوتنیان لەگەڵ پارتی دەڵێت: "کێشەی دابەشکردنی پۆستەکان و متمانەمان هەیە."
سەعدی پیرە ئاماژەی بە پێویستی دەزانێت کە حکومەت پێکبهێندرێت و باسی لە مەترسییەکانی سەر ناوچەکە کرد و گوتی: "لە دوو قۆناخداین؛ شەڕی دەوروبەرمان کۆتایی نەهاتووە و بمانەوێت یاخود نا پریشکی شەڕەکەمان پێدەکەوێت، دەبێت ئێمە خۆمان کۆبکەینەوە، چونکە ئەگەری هەیە کارێکی نەخوازراو رووبدات. مەسەلەی دووەمیش لایەنی پارچەکانی دیکەی کوردستانە لە باکوور و رۆژهەڵات، لەو بەشانە پڕۆسە هەن ئەوان چاوەڕێ دەکەن حکومەتێکی هەرێمی بەهێز هەبێت کە پشتگیرییان بکات و بە ئاشتی کێشەکانیان چارەسەر بکات. بۆیە هەم دەستپێشخەرییەکەی کاک مەسعود و هەم هی مامۆستا سەڵاحەدین لەلایەن خۆیانەوە بەدواداچوونیان پێویستە و ئێمە بە ئەرێنی پێشوازیمان لێ کردوون."
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، بەڕێوەچوو. پارتی وەکو هێزی یەکەم مایەوە و 39 کورسی بەدەستهێنا، هەروەها یەکێتیی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو حەوت کورسی، رەوتی هەڵوێست لە یەکەم بەشداریدا وەک هێزێکی نوێ چوار کورسی و کۆمەڵی دادگەریش سێ کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.




