رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەفتەی داهاتوو شاندێکی حکومەت بۆ قسەکردن لەسەر مووچە، ئەسیکۆدا و هەناردەکردنەوەی نەوت دەچێتە بەغدا؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''هەوڵ دەدرێت هەناردەکردنی نەوت بگاتەوە 230 هەزار بەرمیلی رۆژانە.''
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-06-2026، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی پرسەی هەڵکەوت عەزیز لە هەولێر، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و رایگەیاند: ''هەڵکەوت خۆشەویستی خەڵکە. مردن قەدەرە و هەموومان چارەنووسمان وایە رۆژێک لە رۆژان کۆچی دوایی بکەین، بەڵام بێگومان پێویستە وەک هەڵکەوت بژین و وەک هەڵکەوت بمرین''.
لە بەشێکی قسەکانیدا ئامانج رەحیم باسی لە ئەنجامی سەردانەکەی هەفتەی رابردووی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کرد و گوتی، کۆبوونەوەیەکی ''باش'' بوو و نوێنەرانی کۆمپانیاکانی نەوتیشیان لەگەڵدا بووە.
بەگوتەی سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق قسە لەسەر ئەوە کراوە کە ''هەرێمی کوردستان هیچ مەرجێکی پێشوەختەی نییە و ئامادەیە لەم قۆناخەدا بە هەموو جۆرێک لە پرسی زیادکردنی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوت، هاوکاریی حکومەتی فیدراڵی بکات.''
بەر لە دەستپێکردنی جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، رێککەوتنێکی سێقۆڵیی نێوان بەغدا، هەولێر و کۆمپانیاکانی نەوت هەبوو، بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بگەیێننە 230 هەزار بەرمیلی رۆژانە. ئامانج رەحیم ئاماژەی بەوە کرد، ''وەک دوێنێ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانیش قسەی لەسەر کرا، ئێستا هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەن کە وا بکەین کۆمپانیاکانی نەوت بگەڕێنەوە بۆ هەمان ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن، بە جۆرێک ببێتە هۆی زیادکردنی داهاتی عێراق.''
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە هەڵوێستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت: ''بەڵێنی داوە سێکتەری نەوت و وزەی هەرێمی کوردستان بپارێزن و لە ئەگەری هەر هێرشێکیش بۆ سەر کێڵگەکان، کۆمپانیاکانی نەوت قەرەبوو بکەنەوە.''
''کاتی ناردنی مووچە سەقامگیر دەبێت''
وەک ئامانج رەحیم گوتی، گفتوگۆی باش لەگەڵ بەغدا لەسەر سێ پرسی سیستمی ئەلیکترۆنیی ئەسیکۆدا، داهاتی نانەوتی و مووچە کراوە و هەر سێ بەرەو چارەسەرکردن دەڕۆن.
بەگوتەی سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەفتەی داهاتوو شاندێکی حکومەت دووبارە سەردانی بەغدا دەکاتەوە، بۆ قسەکردن لەسەر ئەم سێ دۆسیەیە.
هەرچی پرسی دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە، ئامانج رەحیم گوتی: ''پێموایە بە جۆرێک لە جۆرەکان ئیدی ناردنی مووچە سەقامگیر دەبێت. یەکەم ئەزموونی ئێمەیە لەگەڵ بەغدا کە لە کاتی خۆیدا مووچەی مانگی پێنج نێردراوە، بۆیە هەموو هەوڵەکان بەو ئاراستەیەن مووچە نەبێتە هەواڵ و لەگەڵ سەرجەم مووچەخۆرانی عێراق، لە هەرێمی کوردستانیش مووچە دابەش بکرێ.''
بەر لە جەژنی قوربان، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایار، لە رۆژانی 26-27 و 28ـی هەمان مانگدا دابەشکرا.


