رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری قەزای ماوەتی سەر بە پارێزگای سلێمانی، دوو هاونیشتمانی لە کاتی راوکردنی ماسیدا دەستگیرکران. پۆلیسی دارستان دەڵێ: "ئەو کەسانە تی ئێن تییان بۆ راوکردن بەکارهێناوە."
رۆژی دووشەممە، 15-6-2026 عەمید هێمن کەمەرخان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستانی سلێمانی بە رووداوی گوت: "مەفرەزەکانمان لە کاتی دەرچوونێکی مەیدانیدا بۆسەر چەمی دوو ئاوان بە مەبەستی رێگریکردن لە راوکردنی نایاسایی ماسی، توانییان دوو هاونیشتمانی دەستگیربکەن."
هەر ئەمڕۆ بێستوون نەجمەدین، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سبەی قەدەخەی راوەماسی تەواو دەبێت و راو ئاسایی دەبێتەوە."
بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی دارستانی سلێمانی، ئەو دوو کەسە سەرقاڵی راوکردنی ماسی بوون بە مادەی تەقەمەنی لە جۆری تی ئێن تی.
بۆ پاراستنی سامانی ماسی، راوکردن بە بەکارهێنانی مادەی کیمیایی، ژەهر، تەقەمەنی، تۆڕی کون بچووک و کارەبا قەدەخەیە. هۆکارەکە ئەوەیە کە دەبنە هۆی کوشتنی ماسی بەکۆمەڵ.
پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ئاماژەی بەوەدا، لە کاتی دەستگیرکردنی ئەو دوو کەسەیشدا دەست بەسەر 10 ماسی لە قەبارەی جیاواز و ئۆتۆمبێلێکدا گیراوە.
عەمید هێمن کەمەرخان گوتیشی، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتبارەکان کراوەتەوە و رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتە بەر.
سزاکان لە پێبژاردنەوە دەستپێدەکات تاوەکو 7 ساڵ زیندانی. سزاکەش بەپێی جۆری سەرپێچییەکە لەلایەن دادوەرەوە دیاریی دەکرێت.
رۆژی 8ـی حوزەیرانی 2026، فەرمان فازڵ، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند،ئەم ساڵ لە ماوەی قەدەخەی راوی ماسیدا، هێزەکانیان 136 کەسیان بە تۆمەتی راوکردنی نایاسایی دەستگیر کردووە.
ئەم ساڵ لە مانگی ئادار راوەماسی لە هەرێمی کوردستان قەدەخەکرا تاوەکو 16ـی حوزیران. پار 20ـی ئادار قەدەخەکرا و 21ـی حوزەیران ئاسایی بووەوە.



