رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە لە هەفتەی داهاتووەوە گەشتی ئاسمانی لەنێوان هەردوو فڕۆکەخانەی کەرکووک و دووبەی ئیمارات دەستپێبکات و سەرەتاش هەفتانە سێ گەشت دەکرێن.
هەردی سەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گەشتەکان لە 21ی حوزەیرانەوە دەستپێدەکەن و چوون و هاتن دەبن".
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک لە 16ی تشرینی دووەمی 2022ـەوە کراوەتەوە و تاوەکو ئێستا لەنێو وڵاتانی کەنداودا تەنیا گەشتی بۆ سعودیە هەبووە.
هەردی سەمەد رایگەیاند: "سەرەتا هەفتانە سێ گەشت لە فڕۆکەخانەی کەرکووکەوە بۆ فڕۆکەخانەی دووبەی دەکرێ، کە رۆژانی یەکشەممە، سێشەممە و پێنجشەممە دەبێت. بڕیارە مانگى تەممووزیش گەشتی ئاسمانی بۆ عومان بکرێ".
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک رووبەرەکەی 6.4 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.




