رووداو - دیجیتاڵ
لە سنووری ناحیەی بەعەدرێ، بیرێکی نوێی ئاو لێدەدرێت؛ چاوەڕوان دەکرێت لە
قووڵایی 350 بۆ 400 مەتردا بگەنە ئاو. هەرچەندە ئاستی ئاو ئەم ساڵ
بەرزبووەتەوە، بەڵام هێشتا جیاوازییەکە لەگەڵ ساڵانی رابردوو زۆرە؛
چونکە 10ساڵ لەمەوبەر لەم ناوچەیەدا تەنیا بە قووڵایی 200 مەتر دەگیشتنە ئاو.
معاویە کاتۆ، خاوەنی کۆمپانیای هەڵکەندنی بیر، لەبارەی قووڵایی بیرەکان لە ناوچە
جیاوازەکان بە رووداوی گوت: "ئێستا لە زاوا 200 بۆ 250 مەتر هەڵدەکەنین، لە لای
ئەلقۆش و باعەدرێ دەگاتە 300 مەتر، لە شێخان و مەهەت دەگاتە 350 مەتر، تەنانەت تا
400 مەتریشمان هەڵکەندووە."
ئاستی بەرزبوونەوەی ئاو لە ناوچە جیاوازەکان: بەپێی داتا فەرمییەکان، ئاستی ئاوی
ژێر زەوی لە ناوچەکانی پارێزگای دهۆک بەم شێوەیە گۆڕانی بەسەردا هاتووە:
- مانگێشک: 15.93مەتر (بەرزترین رێژە)
- سێمێل: 7.2 مەتر
- دهۆک: 3.75 مەتر
- بەردەڕەش: 2.5 مەتر
- ئاکرێ: 1.8مەتر
یەحیا سلێمان، بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەوی لە دهۆک، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم ساڵ دۆخی
کانی و رووبارەکانیش گۆڕاوە و دەڵێت: "هاتنی باران کانییەکانی جارێکی دیکە ژیاندەوە
و ئاوی سەر زەویش باش بووە، رووبارەکان پڕبوون. ئێستا زۆربەی جوتیاران پشت بە ئاوی
سەر زەوی دەبەستن، ئەمەش وا دەکات پارێزگاری لە ئاستی ئاوی ژێر زەوی بکرێت."
لە پارێزگای دهۆک چوار هەزار و 700 بیری ئاوی فەرمی هەن. دابەشبوونی بەکارهێنانی
ئاوی ئەم بیرانە بەم شێوەیەیە: 52٪ بۆ کەرتی کشتوکاڵ، 45٪ بۆ ئاوی خواردنەوە و
3 لە سەتی بیرەکانیش بۆ مەبەستی پیشەسازی بەکاردەهێنرێن. بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو
لەم ساڵدا، وەک شارەزایان دەڵێن، هەناسەیەکی بە بەر ژێرخانی ئاویی ناوچەکەدا
هێناوەتەوە.

