رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای نسێبینی سەر بە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان، ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕا و کەوتە نێو رێڕەوی ئاو لە پرۆژەیەکی کشتوکاڵی. بەهۆیەوە 6 کەس گیانیان لەدەستدا کە چواریان منداڵن.
رووداوەکە، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، لەسەر رێگەی سەرەکیی مێردین-شرنەخ لە نزیک گوندی تەپەئاڵتی روویدا، کاتێک ئۆتۆمبێلێک کە هێشتا ناوی شۆفێرەکەی نەزانراوە، کۆنترۆڵی لەدەستدا و وەرگەڕا. بەهۆیەوە کەوتە نێو رێڕەوی ئاوی پرۆژەیەکی ئاودێری.
دوای ئاگادارکردنەوە، تیمەکانی فریاکەوتنی خێرا، ئاگرکوژێنەوە و جەندرمە رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.
لە ئەنجامی رووداوەکەدا، چوار منداڵ بە ناوەکانی محەممەد (11 ساڵ)، لاڤین (9 ساڵ)، زانا (5 ساڵ) و مەرد ئۆزتورک (5 ساڵ) لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستدا.
هەروەها فکرەت ئۆزتورک (30 ساڵ) و گولجان ئۆزتورک (28 ساڵ) کە بە سەختی بریندار ببوون، گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی فێرکاری نسێبین، بەڵام سەرەڕای هەوڵی پزیشکان، گیانیان لەدەستدا.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، لە نۆ مانگی ئەمساڵدا 519 هەزار و 454 رووداوی هاتووچۆ لە سەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستان روویانداوە. بەهۆیەوە هەزار و 628 کەس گیانیان لەدەستداوە و 311 هەزار و 123 کەس بریندار بوون.
