رووداو دیجیتاڵ
لە هەژدەمین پێشانگەی
نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر، منداڵان بە چاوی گەش و دەستی بچووکیانەوە بەدوای
چیرۆکەکاندا دەگەڕێن و بەشێکی سەرەکیی سەردانیکاران پێکدەهێنن. لە سەردەمی سۆشیال
میدیا و ئایپاددا، ئامادەبوونی بەرچاوی منداڵان لە پێشانگەکەدا ئەو پەیامە دەدات کە
"هێشتا داهاتوو دەخوێنێتەوە".
پەرتووک عوسمان، کچێکی چوار
ساڵانە و قوتابیی باخچەی ساوایانە. ئەو لەنێو ملیۆنێک ناونیشانی کتێبدا، کتێبێکی
چیرۆکی منداڵانی لە ئامێزگرتبوو، وەک ئەوەی بڵێت "ئەوە هی منە و دەبێت بۆم
بخوێننەوە".
منداڵان بە پەرۆشەوە لەنێو
کتێبەکاندا دەگەڕێن. سەمەر محەممەدی تەمەن 11 ساڵ کە لە پۆلی پێنجی بنەڕەتییە،
لەگەڵ ساباتی خوشکی کە لە پۆلی سێیە، بەیەکەوە 14 کتێبیان کڕیبوو.
یارا عەدنان، دێلاڤ محەممەد،
ئایان بارزان و سۆز سالار، چەند منداڵێکی دیکەی نێو پێشانگەکە بوون کە بە پەرۆشەوە
بەدوای کتێبی دڵخوازی خۆیاندا دەگەڕان و ئاماژەیان بەوە دەکرد کە حەزیان لە
خوێندنەوەی چیرۆکە.
لە پێشانگەی کتێبی ئەمساڵی
هەولێردا، 23 دەزگای چاپ و پەخشی نێوخۆیی و بیانی بەشدارییان کردووە کە تایبەتن بە
کتێبی منداڵان، بەتایبەتیش بە زمانەکانی کوردی و ئینگلیزی.
پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب بە بەشداری
400 ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوە لە 18 وڵاتی جیاواز لە ژێر دروشمی "من
کوردستانیم" ماوەی چوار رۆژە دەستیپێکردووە 10 رۆژ بەردەوام دەبێت.
