رووداو دیجیتاڵ
تیمی پارێزەرانی دۆسیەی لالەزار و شاندێکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، ئەمڕۆ لە چاکسازیی گەورانی سلێمانی سەردانی لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و رێبوار حامید حاجی غالیان کرد. گوتەبێژی تیمی پارێزەرانیش رایدەگەیێنێت، تەندروستییان باشە و دانیشتنی سبەی دادگەش دوادەخرێت.
دانا تەقیەدین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی دۆسیەی لالەزار، ئەمڕۆ سێشەممە 27-10-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تەنیا کاک لاهوور، پۆڵاد شێخ جەنگی و رێبوار حامید براونەتە چاکسازی و ئەمڕۆ چاومان پێیان کەوت؛ ئەوانی دیکە لە ئاسایش زیندانن".
گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی دۆسیەی لالەزار گوتیشی: "لە دانیشتنەکەدا باسی ئەو رۆژەمان کرد کە هێرش کرایە سەر لالەزار، ئێمە پرسیاری خۆمان هەبوو ئەوانیش وەڵامیان دایەوە".
لەبارەی تەندروستیی لاهوور شێخ جەنگییەوە دانا تەقیەدین گوتی: "تەندروستیی باش بوو و هیچ کێشەیەکی نەبوو".
گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی لالەزار ئاماژەی بەوەدا، هەر ئەمڕۆ شاندێکی دەستەی مافی مرۆڤ سەردانی سزادراوانی دۆسیەی لالەزاریان لە زیندانی چاکسازی کردووە.
سەبارەت بە رێگەدان بە سەردانی هاونیشتمانیان بۆ لای لاهوور شێخ جەنگی، دانا تەقیەدین گوتی: "ئێستا دۆخی لاهوور شێخ جەنگی بەراورد بە زیندانی ئاسایش باشترە، ئازادە دەتوانێت بە تەلەفۆنی چاکسازی تەلەفۆن بکات، هەروەها ئێمە ئەمڕۆ نۆ پارێزەر چووین و دەتوانین هەفتانە سێ جار سەردانی بکەین و بێ سانسۆر گفتوگۆی لەگەڵدا بکەین"،
گوتەبێژی تیمی پارێزەران ئاماژەی بەوەشکرد، کەسانی پلە یەکی خێزانەکەی، هەفتانە دوو جار دەتوانن لە چاکسازی سەردانی لاهوور شیخ جەنگی بکەن، بەڵام خزمی دوور و هاوڕێکانی رێگەی سەردانیان پێ نادرێت.
دانیشتنی دادگە دوادەخرێت
بڕیار بوو سبەی چوارشەممە 28-10-2026 هەر لەسەر رووداوەکانی هۆتێل لالەزار، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و 20 کەسی دیکە بە ماددەی 406ـی تایبەت بە کوشتن دادگایی بکرێن، بەڵام گوتەبێژی تیمی پارێزەرانیان دەڵێت، داوایان کردووە دانیشتنەکە دوابخرێت.
دانا تەقیەدین گوتی: "ئێمە داوامان کردووە دانیشتنی سبەی دوابخرێت، ئەمڕۆ وەڵاممان وەرنەگرتەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە و 100% سبەی وەڵام وەردەگرین و دانیشتنەکە دوادەخرێت، چونکە کە ئێمە داوا بکەین و ئامادە نەبین، دادوەر بەگوێرەی یاسا دانیشتنەکە دوادەخات".
بەگوتەی گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی، دانیشتنی داهاتووی دادگە یەکەم دانیشتن دەبێت لە دۆسیەیەکی نوێدا کە بە ماددەی 406ـی تایبەت بە کوشتن بەڕێوە دەچێت.
دانا تەقیەدین گوتی: "64 کەس سکاڵایان دژی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی بە ماددەی 406 تۆمار کردووە، کە زۆرینەیان ئەندامانی هێزەکانی ئاسایش و کۆماندۆن".
دوای هەشت دانیشتنی دادگە، لە 15-10-2026، دادوەرانی دۆسیەی لالەزار، بە ماددەی 56ـی تایبەت بە پلاندانان و هەوڵدان بۆ کوشتن، لاهوور شێخ جەنگییان بە پێنج ساڵ و سێ مانگ زیندانیکردن سزا دا، هەروەها پۆڵاد شێخ جەنگی بە سێ ساڵ و شەش مانگ و رێبوار حامید حاجی غالی بە دوو ساڵ سزا دران، هەشت کەسی دیکەش بە کاتی جیاواز حوکم دران و دووانیشیان بێتاوان ناسێندران.
دانا تەقیەدین گوتی: "لە هەموو دۆسیەی لالەزار 25 کەس ماونەتەوە، 22یان لە زیندانی ئاسایشدان بەوانەشەوە کە حوکم دراون، تەنیا کاک لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و رێبوار حامید براونەتە چاکسازیی گەورانی سلێمانی".
یەکەم جار 12ـی کانوونی دووەمی 2026 و دوایین جاریش 15-10-2026 لاهوور شێخ جەنگی برایە دادگە.
رۆژی 22-08-2025ـدا، دوای رازی نەبوونی لاهوور شێخ جەنگی بەوەی خۆی رادەست بکات، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی هێرشیان کردە سەر هۆتێلی لالەزار. دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزەکەی دەستگیر کران.
لە پێکدادانەکەی 22ـی ئابدا ئەوەی بە فەرمی راگەیێندرا کوژرانی پێنج کەس و برینداربوونی زیاتر لە 20 کەسی دیکە بوو.
