رووداو دیجیتاڵ
پێشمەرگەیەکی خانەنشین کە گورچیلەکانی
گۆڕیوە و پێویستی بە چارەسەریی بەردەوامە، نزیکەی دوو ساڵە چاوەڕێی رەزامەندیی شارەوانیی
سۆرانە بۆ دروستکردنی خانوو لەسەر زەوییەکی سندوقی. لە کاتێکدا راگرتنی مۆڵەتی خانووکردن،
بازاڕی خانووبەرەی سۆرانی کاریگەر کردووە و دۆزینەوەی خانوو بە کرێشی زەحمەتتر بووە.
سەلام حوسێن، پێشمەرگەیەکی خانەنشین
و دانیشتووی دەڤەری برادۆستە، کە گورچیلەکانی گۆڕیوە و پێویستی بە چارەسەریی بەردەوامە.
ئەو بۆ نزیکبوونەوە لە شوێنی چارەسەرییەکەی، زەوییەکی سندوقی لە سۆران کڕیوە، بەڵام
نزیکەی دوو ساڵە چاوەڕێی رەزامەندیی شارەوانییە بۆ دروستکردنی خانوو لەسەر زەوییەکەی.
سەلام حوسێن بە رووداوی گوت، زەوییەکەی
هیچ کێشەیەکی نییە و زەوییەکانی دەوروبەریشی خانوویان لەسەر دروست کراوە و خزمەتگوزاریی
پێویستیان پێگەیشتووە. ئەو داوای لە شارەوانی کردووە رێگەی پێ بدەن خانوو لەسەر زەوییەکەی
دروست بکات، چونکە بەهۆی پێویستی بە سەردانی بەردەوامی پزیشک، ناتوانێت لە گوندەکەی
خۆی کە نە دکتۆر و نە نەخۆشخانەی تێدایە، بمێنێتەوە. ئەو گوتی، ئەگەر زەوییەکەی کێشەیەکی
هەبێت، نابێت رەزامەندی پێ بدرێت.
زەوییە سندوقییەکان ئەو زەوییانەن
کە خاوەنەکانیان تاپۆ یان کارتی خاوەندارێتیی فەرمییان نییە، بەڵام لە نەخشەی شارەوانیدا
بۆ نیشتەجێبوون دیاریکراون.
لە 17ی شوباتی 2025ەوە، بە فەرمانێکی
ئەنجوومەنی وەزیران، مۆڵەتدان بۆ دروستکردنی خانوو لەسەر زەوییە سندوقییەکان لە سنووری
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران راگیراوە.
کاریگەریی راگرتنی مۆڵەتەکان لە
بازاڕی خانووبەرەی سۆراندا دەرکەوتووە؛ نرخی زەوییە تاپۆدارەکان بەرز بووەتەوە و دابینکردنی
خانوو بە کرێ بۆ هاوڵاتیان زەحمەتتر بووە.
رەهێڵ مزەفەر، خاوەنی نووسینگەیەکی
خانووبەرە، بە رووداوی گوت، راگرتنی مۆڵەتی دروستکردنی خانوو و دەستنەکەوتنی خانووی
کرێ، ژیانی زۆرێک لە هاوڵاتیانی تێک داوە. بە گوتەی ئەو، رۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان
داوای خانووی کرێ دەکەن، بەڵام ناتوانن خانووی گونجاو بدۆزنەوە. تەنانەت کرێی خانوویەکی
زۆر خراپ کە لەسەر خۆڵ دروست کراوە، گەیشتووەتە 200 هەزار دینار.
لەگەڵ راگرتنی مامەڵەکانی زەوییە
سندوقییەکان، لە چوار گوندی نزیک سەنتەری سۆرانیش مۆڵەتی دروستکردنی خانوو راگیراوە.
هۆکاری ئەمجارەش پەیوەندی بە ماستەرپلانی نوێی شار و گۆڕینی نەخشەی گوندەکان بۆ گەڕەکەوە
هەیە.
قیتران حەسەن، سەرۆکی شارەوانیی
سۆران، بە رووداوی راگەیاند، فایلەکانی داواکارانی مۆڵەت دووبارە وردبینی دەکرێن و
دواتر لیستی ئەو داواکارییانەی مەرجەکانیان تەواوە، بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەنێردرێت،
بۆ ئەوەی بتوانن مۆڵەتی دروستکردنی خانوو وەربگرن و سوودمەند بن.
بەگوێرەی ئاماری بەشی مۆڵەتدان لە
شارەوانیی سۆران، نزیکەی 1000 داواکاری بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی دروستکردنی خانوو پێشکەشی
شارەوانی کراون و چاوەڕێی رەزامەندین.