رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەک قەزای چەمچەماڵی هەژاند؛ قایمقامی قەزاکە دەڵێ، بوومەلەرزەکە دەنگی لەگەڵدا بوو، بەڵام هیچ زیانێکی لێنەکەوتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاسۆ بەکر، قایمقامی چەمچەماڵ لە سنووری پارێزگەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نزیکەی کاژێر 08:10، بوومەلەرزەیەک قەزاکەی هەژاند".
قایمقامی چەمچەماڵ گوتی: "بوومەلەرزەکە دەنگیشی لەگەڵ بوو، بەڵام خۆشبەختانە هیچ زیانێکی نەبووە."
قایمقامی چەمچەماڵ لەبارەی هەستپێکردنی لەلایەن هاووڵاتییانەوە گوتی: "دانیشتووانی ناوچەکە هەموویان هەستیان بە بوومەلەرزەکە کردووە، پلەی ئەم بوومەلەرزەیە ئەوەندە زۆر نەبووە و تیمەکانمان بۆ هەر ئەگەرێک و زانیارییەکی زیاتر لە بەدواداچوون بەردەوامن".
هاوکات بەپێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، بوومەلەرزەکە لە کاتژمێر 08:19:ـی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە روویداوە.
بەپێی نەخشە و داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی بوومەلەرزە، گوڕی بوومەلەرزەکە 1.8 پلە بووە بە پێوەری ریختەر و لە قووڵیی 11 کیلۆمەتر لە ناخی زەویدا تۆمار کراوە، هەروەها چەقەکەشی 10 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی چەمچەماڵ بووە.




