رووداو دیجیتاڵ
فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق گوشارەکانیان بۆ سەر حکومەتی فیدراڵیی عێراق چڕ دەکەنەوە بە مەبەستی دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان پێش هاتنی سەرمای زستان، سەرۆکی پەرلەمانیش نووسراو بۆ وەزارەتی نەوت دەکات.
رۆژی سێشەممە، 27ی تشرینی یەکەمی 2026، فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کرد کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە؛ تێیدا داوا دەکات وەزارەتی نەوت بەپەلە پشکی نەوتی سپیی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.
لە نووسراوەکەدا کە بە واژۆی هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی ئاراستە کراوە، ئاماژە بە هاتنی وەرزی زستان و سەرمای تووندی ناوچە شاخاوییەکان دراوە، بڕی نەوتی داواکراویش بە 260 ملیۆن لیتر دیاریکراوە کە بەم شێوەیە دابەش دەبێت:
•140 ملیۆن لیتر بۆ پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک.
•120 ملیۆن لیتر بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە.
لە پەراوێزی نووسراوەکەدا، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رەزامەندی نیشانداوە بۆ ئاراستەکردنی داواکارییەکە بۆ وەزارەتی نەوت بە مەبەستی دابینکردنی ئەو پشکە.
یەکێتی: وەزیری نەوت بەڵێنی داوە
هەرێم کەمال ئاغا، کە هاوکات سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز و سامانە سروشتییەکانە لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەزارەتی نەوتی عێراق بەڵێنی پێداوین نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات. ئەم نووسراوەی فراکسیۆنەکەمان کە سەرۆکی پەرلەمانیش واژۆی لەسەر کردووە و ئاراستەی وەزارەتی نەوت دەکرێت، دەبێتە پشتیوانییەکی بەهێز بۆ داواکارییەکەمان."
پارتی: لە ئاستی باڵاوە داوا کراوە و چاوەڕوانی وەڵامین
سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی گوت: "لە ئاستی باڵا داوای دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان کراوە؛ لەوانە رۆژی 18ی ئەم مانگە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی فەرمی داوای کردووە، هەروەها مانگێک لەمەوبەریش سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق راسپاردەی داوەتە وەزارەتی نەوت، بەڵام تاوەکو ئێستا وەزارەتەکە بە فەرمی وەڵامی نەداوەتەوە."
لەلایەکی دیکەوە، چیمەن حوسێن سورچی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ بە رووداوی راگەیاند: "وەک پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی پارتی چەند جارێک نووسراومان کردووە بۆ دابینکردنی نەوتی سپی، بەڵام هێشتا وەزارەتی نەوتی عێراق بە فەرمی وەڵامی نەداوەتەوە."
رەوتی هەڵوێست: نادادی لە دابەشکردنی نەوت هەیە
هیوا مەلا ئادەم، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی رەوتی هەڵوێست بە رووداوی گوت: "بە نووسراوێک داوام لە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کرد بەهۆی هاتنی سەرمای زستانەوە پەلە بکرێت، چونکە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە پێویستیی زۆریان بە نەوتی سپییە و تاوەکو ئێستا نەوتیان پێنەدراوە."
ئەو پەرلەمانتارەی رەوتی هەڵوێست ئاماژەی بەوەش کرد: "هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان، رەزامەندیی دەستبەجێی پێشاندا ، نووسراوەکەم ئاراستەی وەزارەتی نەوت دەکات. ئومێدەوارین لە چەند رۆژی داهاتوودا پڕۆسەی ناردنی نەوت دەستپێبکات."
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێ، داوایان کردە ناردنی نەوتی سپی پەلەی تێدا بکرێت، پێشتر ساڵانە لە مانگەکانی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەم رەوانە دەکرا، ئەوەش کاتێکی هەڵەیە، نادادپەروەریی هەیە لە دابەشکردنی جوگرافی دابەشکردنی نەوت و نرخەکەشی.



