رووداو دیجیتاڵ
دوای کەمکردنەوەی نرخی کارەبای مۆلیدە لە 18 هەزار دینارەوە بۆ 13 هەزار دینار، خاوەن موەلیدە ئەهلییەکان لە کەرکووک دەستیان بە مانگرتن کرد و کارەبای بەشێکی زۆری شارەکەیان کوژاندەوە. گوتەبێژی پۆلیسی شارەکەش دەڵێت، لە خۆپێشاندانی هاووڵاتییاندا سێ کارمەندی ئەمنی بە بەرد بریندار کراون.
رۆژی دووشەممە، 2ـی تشرینی دووەمی 2026، عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێستا خۆپێشاندانی هاووڵاتییان وەستاوە، بەڵام خۆپێشاندانی خاوەن مۆلیدەکان لە بەردەم باڵەخانەی پارێزگا دەستیپێکردووە. ئەوان دەڵێن بەهۆی دابەزاندنی نرخی یەک ئەمپێر لە 18 هەزار دینارەوە بۆ 13 هەزار دینار تووشی زیان دەبن."
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی مانگرتنی خاوەن موەلیدەکانەوە کارەبا لە زۆربەی ناوچەکانی کەرکووک کوژاوەتەوە، "هێزە ئەمنییەکانمان لە شوێنی خۆپێشاندانەکان ئامادەن و لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەن."
دەربارەی گرژییەکانی نێوان هاووڵاتییان و هێزە ئەمنییەکانیش، عامر شوانی گوتی، لە خۆپێشاندانەکەی دوێنێ شەو تاوەکو ئەمڕۆی هاووڵاتییاندا بەرد ئاراستەی هێزە ئەمنییەکان کراوە و لە ئەنجامدا سێ کارمەندی ئەمنی بریندار بوون.
ناڕەزایەتییەکان لە کوێوە دەستیان پێکرد؟
شەوی رابردوو، بەهۆی دیاریکردنی نرخی ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدە بە 18 هەزار دینار بۆ مانگی رابردوو (تشرینی یەکەم)، لە بەشێک لە گەڕەکەکانی شاری کەرکووک هاووڵاتییان ناڕەزایەتییان دەربڕی و رژانە سەر شەقامەکان.
بەهۆی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان، ئەمڕۆ قایمقامیەتی کەرکووک نرخی مانگانەی یەک ئەمپێری سەرەتا بۆ 15 هەزار دینار و دواتریش بەهۆی بەردەوامی خۆپشاندانەکان بۆ 13 هەزار دینار کەمکردەوە؛ ئەم بڕیارەش خاوەن موەلیدەکانی تووڕە کرد و وای لێکردن موەلیدەکانیان بکوژێننەوە و لە بەردەم بینای پارێزگا گردببنەوە.
ئەم خۆپشاندانە دوای ئەوە دەستیان پێکرد، کە دوێنێ هاوڕێ زەنگەنە، بەرپرسی کارگێڕیی قایمقامیەتی کەرکووک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاندبوو: "نرخی یەک ئەمپێر کارەبای موەلیدە بۆ سەرجەم گەڕەک و ناوچەکانی کەرکووک بۆ مانگی تشرینی یەکەم بە 18 هەزار دینار جێگیر کراوە."




.webp&w=3840&q=75)