رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەدا لە نێوان بەرپرسانی کەرتی وزەی حکومەتی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنی تورکمانی لە پەرلەمان، رێککەوتن کرا لەسەر ئەوەی سبەی داواکارییەکانی دانیشتووانی کەرکووک بخرێنە بەردەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لەگەڵ زیادکردنی پشکی پارێزگاکە لە کارەبا، بەنزین و گازوایل.
ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی فراکسیۆنی تورکمانی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلەیان کردووە کە موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە، لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق و وەزیری کارەبای عێراق تێیدا بەشداربوون.
ئەرشەد ساڵحی دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی خزمەتگوزارییەکان و کێشەکانی کەرتی وزە لە کەرکووک کرا و لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن کراوە لەسەر ئەوەی کە سبەی سێشەممە داواکارییەکانی خەڵکی کەرکووک بە فەرمی لە دانیشتنی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بخرێنە بەر باس، بۆ ئەوەی بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدرێت.
هەروەها بڕیاری پێکهێنانی چەند لێژنەیەک درا بۆ تاوتوێکردن و لێکۆڵینەوە لە دۆخی ئێستای خزمەتگوزارییەکان لە پارێزگاکە. لەگەڵ رێککەوتن بۆ زیادکردنی پشکی پارێزگای کەرکووک لە کارەبای نیشتمانی، بەنزین و گازوایل، بە ئامانجی چارەسەرکردنی قەیرانی سووتەمەنی و کەمکردنەوەی کێشەی بێکارەبایی لە شارەکەدا.
شەوی رابردوو، بەهۆی دیاریکردنی نرخی ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدە بە 18 هەزار دینار بۆ مانگی رابردوو (تشرینی یەکەم)، لە بەشێک لە گەڕەکەکانی شاری کەرکووک هاووڵاتییان ناڕەزایەتییان دەربڕی و رژانە سەر شەقامەکان.
بەهۆی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان، ئەمڕۆ قایمقامیەتی کەرکووک نرخی مانگانەی یەک ئەمپێری سەرەتا بۆ 15 هەزار دینار و دواتریش بەهۆی بەردەوامی خۆپشاندانەکان بۆ 13 هەزار دینار کەمکردەوە؛ ئەم بڕیارەش خاوەن موەلیدەکانی تووڕە کرد و وای لێکردن موەلیدەکانیان بکوژێننەوە و لە بەردەم بینای پارێزگا گردببنەوە.
ئەم خۆپشاندانە دوای ئەوە دەستیان پێکرد، کە دوێنێ هاوڕێ زەنگەنە، بەرپرسی کارگێڕیی قایمقامیەتی کەرکووک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاندبوو: "نرخی یەک ئەمپێر کارەبای موەلیدە بۆ سەرجەم گەڕەک و ناوچەکانی کەرکووک بۆ مانگی تشرینی یەکەم بە 18 هەزار دینار جێگیر کراوە."


.webp&w=3840&q=75)
