رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی کەرکووک ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە دواخستنی تاقیکردنەوەکان دەکەن بەهۆی بڕانی کارەباوە و رایدەگەیێنێت، سبەی دەوامی سەرجەم قوتابخانەکان ئاسایی دەبێت و تاقیکردنەوەکان لە کاتی خۆیاندا دەکرێن.
رۆژی دووشەممە، 2ـی تشرینی دووەمی 2026، سامان مەجید، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەندێک کەس دەنگۆی ناڕاستیان بڵاوکردووەتەوە، کە گوایە بەیانی تاقیکردنەوەکان ناکرێن یان دوادەخرێن، بەڵام ئەم دەنگۆیانە بە تەواوی دوورن لە راستییەوە؛ ئێمە نە لێدوانی لەو شێوەیەمان داوە و نە هیچ بڕیارێکی واش هەیە."
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی کەرکووک گوتیشی: "بەیانی تاقیکردنەوەکان لە کاتی دیاریکراوی خۆیاندا دەکرێن و دوا ناخرێن، هەروەها دەوامی قوتابخانەکانیش بەپێی خشتەی رۆژانە ئاساییە و هیچ کێشەیەک نییە."
هاوکات کامەران عەلی، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سەرجەم ناوەندەکانی بەشی خوێندنی کوردیش دەوام ئاساییە و پرۆسەی خوێندن بەبێ کێشە بەڕێوەدەچێت."
ئەم روونکردنەوانەی پەروەردە دوای ئەوە دێن کە بەهۆی مانگرتنی خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکان لە کەرکووک و کوژاندنەوەی کارەبا لە زۆربەی ناوچەکانی شارەکە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە گوایە سبەی تاقیکردنەوەکان ناکرێن یان دەوام رادەگیرێت.
ئەمەش دوای ئەوەهات شەوی رابردوو، بەهۆی دیاریکردنی نرخی ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدە بە 18 هەزار دینار بۆ مانگی رابردوو (تشرینی یەکەم)، لە بەشێک لە گەڕەکەکانی شاری کەرکووک هاووڵاتییان ناڕەزایەتییان دەربڕی و رژانە سەر شەقامەکان.
بەهۆی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان، ئەمڕۆ قایمقامیەتی کەرکووک نرخی یەک ئەمپێری سەرەتا بۆ 15 هەزار دینار و دواتریش بەهۆی بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان بۆ 13 هەزار دینار کەمکردەوە؛ ئەم بڕیارەش ناڕەزایەتیی خاوەن مۆلیدەکانی لێکەوتەوە و وای لێکردن مۆلیدەکانیان بکوژێننەوە و لە بەردەم باڵەخانەی پارێزگا گردببنەوە.
.webp&w=3840&q=75)



