رووداو دیجیتاڵ
دەزگای دژەتیرۆری عێراق، دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی مەترسیدار و "باڵا"ی چەکدارانی داعشی لە پارێزگای کەرکووک راگەیاند.
ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2026، بەگوێرەی راگەیێندراوێکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق، ئۆپەراسیۆنەکە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیاندایە بۆ راوەدوونانی پاشماوەکانی چەکدارانی داعش و دەستگیرکردنیان، کە تێیدا هێزەکانیان توانیویانە ئەو تۆمەتبارە لە سنووری کەرکووک دەستگیر بکەن.
ئاماژە بەوەش کراوە، دەستگیرکردنەکە پاڵپشت بە فەرمانی پێشوەختەی دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەت بە کەیسەکانی دژەتیرۆر بووە و سەرجەم ڕێکارە یاساییە پێویستەکان بەرامبەر تۆمەتبارەکە گیراونەتەبەر.
دەزگای دژەتیرۆری عێراق جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە لە بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنە تایبەت و چۆنایەتییەکانی بۆ راوەدوونانی داواکراوانی دادگە و تێکشکاندنی شانە نووستووەکانی داعش بەردەوام دەبێت، بە ئامانجی چەسپاندنی ئاسایش، سەقامگیری و پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان.


.jpg&w=3840&q=75)