رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێ، لەسەر خۆپێشاندان و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی کەرکووک 40 کەس دەستگیرکراون و تاوەکو ئێستاش ئازاد نەکراون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، تۆمەتی جیاواز ئاراستەی دەستگیرکراوەکان کراوە و ئاسایشی نیشتمانی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکات.
مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 10ـی تشرینی دووەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەسەر خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی کەرکووک، 40 کەس دەستگیرکراون، دۆسیەیان بۆ کراوەتەوە و هێشتا هیچ کام لەوان ئازاد نەکراونە کە زۆربەیان هاووڵاتیی عەرەبن."
مازن غەریب کە هاوکات نوێنەری پارێزگای کەرکووکە لە پەرلەمان، روونیکردەوە ئەو کەسانە بە چەند تۆمەتێکی جیاواز دەستگیرکراون، لەوانە "هێرشکردنە سەر خاڵێکی پۆلیسی هاتووچۆ، داخستنی رێگەکان، سووتاندنی تایە و کەلوپەل، هەروەها لێدوان و قسەی دژ بە دەوڵەت و دامودەزگە فەرمییەکان لە کەناڵەکانی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان."
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری باسی لەوەش کرد، ئێستا دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە کەرکووک لێکۆڵینەوە لەگەڵ دەستگیرکراوان دەکات بە مەبەستی گەیشتن بە "بکەرانی سەرەکی و راستەقینەی پشێوییەکان"؛ جەختیشی کردەوە هەر کەسێک بێتاوانیی بسەلمێندرێت، ئازاد دەکرێ.
1ـی تشرینی دووەمی 2026، قایمقامیەتی کەرکووک نرخی هەر ئەمپێرێکی کارەبای مۆلیدەی بۆ مانگی تشرینی یەکەم بە 18 هەزار دینار دیاریکرد. ئەوەش بەهۆی کەمیی کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی، بەرزبوونەوەی نرخی گاز لە بازاڕی رەش (نزیکەی 280 هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێک)، کەمبوونەوەی پشکی گازی حکومیی پاڵپشتیکراو لەلایەن کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانەوە.
ئێوارەی ئەو رۆژە و رۆژانی دواتر، دەیان هاووڵاتی لە چەندین گەڕەکی کەرکووک رژانە سەر شەقام. ناڕەزایەتییەکان بە داخستنی شەقام و رێگە سەرەکییەکان بە سووتاندنی تایە دەستی پێکرد.
گرژی لەنێوان بەشێک لە خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروستبوو.


