رووداو
دووشەممە 1ـی حوزەیران، 350 پزیشکی خولاو لە شەش نەخۆشخانەی کەرکووک بەهۆی پێنەدانی مووچەوە، بایکۆتیان کرد و نەچوونەوە سەرکار.
مستەفا عەلی، پزیشکی خولاوە لە نەخۆشخانەی گشتیی کەرکووک بە رووداوی گوت: "ئێمە ماوەی چوار مانگە بە گرێبەست بە مووچەی 369 هەزار دینار و بەبێ هیچ خەرجییەک، دامەزراوین، بەڵام هیچ مووچەیەکمان وەرنەگرتووە و کۆتایی مانگی رابردوو خواردنیشیان لێبڕین."
ئەمڕۆ زیاتر لە پێنج هەزار پزیشکی خولاو لە عێراق، بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیان، بایکۆتی سەرتاسەریان راگەیاند.
لە شەش نەخۆشخانەکەی کەرکووک، نەخۆشخانەکانی ئازادی و گشتی کەرکووک پشکی شێریان بەرکەوت و 180 پزیشکیان نەچوونە سەرکار.
ئیبراهیم محەممەد، پزیشکە لە نەخۆشخانەی ئازادی کەرکووک گوتی: "نەخۆشخانەکان گوشارێکی زۆریان بۆ هێناوین، پێیان راگەیاندووین بگەڕێنەوە ئەگینا بە نەهاتنە سەرکار هەژمار دەکرێن یان دەردەکرێن."
ئەو پزیشکە باسی گوزەرانی خۆی کرد و گوتی: "چەند ملیۆن دینارێک قەرزار بم و مانگانە 400 هەزار دینار وەربگرم و ماڵ و منداڵم هەبێت، ناتوانم پێی بژیم."
سەبارەت بە نەهاتنە سەرکاری پزیشکانی خولاو وەزارەتی تەندروستی عێراق لێدوان و بڵاوکردنەوە زانیاری لە هەموو کەرتە تەندروستییەکان قەدەخە کردووە تاوەکو کێشە بۆ نەخۆش و نەخۆشخانەکان دروست نەبێت.
فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی دەوامنەکردنی پزیشکانی خولاو، پزیشکانی دێرینی هێناوەتەوە سەرکار.