رووداو دیجیتاڵ
ئاگرەکەی گوندەکانی بەوزان و کۆزێ لە سنووری قەزای شارباژێڕی سەر بە پارێزگای سلێمانی کۆنترۆڵکرا. بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی دەڵێت، 500 دۆنم پووش و پاوان سووتاوە.
هێمن کەمەرخان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە 2ـی ئابی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئاگرەکە 31ـی تەممووز لە بەرزاییەکانی گوندەکانی بەوزان و کۆزێ کەوتەوە و بەرەبەیانیی دوێنێ کۆنترۆڵکرا."
بەگوتەی هێمن کەمەرخان، پۆلیسی دارستانی سلێمانی، بەرگریی شارستانیی چوارتا، بنکەکانی پۆلیسی دارستان لە شارباژێڕ و خەڵکی خۆبەخشی ناوچەکە هاوکاربوون لە کوژاندنەوە و کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە.
لەبارەی هۆکاری رووداوەکەوە هێمن کەمەرخان گوتی، "تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نەزانراوە بەڵام شارباژێڕ ناوچەیەکی سنوورییە و مین و پاشماوەی جەنگیی لێیە، دەکرێت تەقینەوەی مین هۆکاری ئاگرەکە بێت."
هێمن کەمەرخان ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنە پێکهێندراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رووداوەکە و گوتیشی، "مەرج نییە تەنیا هۆکارەکەی مرۆڤ بێت، زۆرجار ئاژەڵی کێوی بەسەر مینەکاندا دەڕۆن و دەتەقنەوە."


