رووداو دیجیتاڵ
چوار رۆژە کارەبای نیشتمانیی پڕۆژەی رووناکی لە بەشێکی گەڕەکەکانی هەولێر کێشەی بۆ دروست بووە و پێدانی کاژێرەکانی کارەبا کەم بووەتەوە. وەزارەتی کارەبا دەڵێت، پێشبینی دەکەن ئەمشەو دۆخەکە ئاسایی بێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22-10-2026 وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، ئەو گەڕەکانەی لە شاری هەولێر کێشەی کارەبای نیشتمانییان هەبووە، تیمەکانی چاککردنەوەی وەزارەتی کارەبا و پڕۆژەی رووناکی کار دەکەن لەسەر ئەوەی بە زووترین کات چارەسەری کێشەکەیان بکەن و پێشبینی دەکەن ئەمشەو دۆخی کارەبایان ئاسایی بێتەوە.
19ـی ئەم مانگە وەزارەتی کارەبا رایگەیاند: بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە لە وێستگەکانی خەبات، هەولێری نوێ، نووسەران، پیرزین، کۆڕێ و پارک، بەشێکی هاوبەشانی کارەبا لە پارێزگای هەولێر کارەبایان پچڕاوە.
بەهۆی کێشەکانەوە، گەڕەکەکانی نووسەران، حاکماوە، تەیراوە، بەشێکی بەختیاری، سەلاحەدین، ئاری، تاوەرەکانی گوڵان، پڕۆژەی کواترۆ، سکای تاوەر و بۆلیڤارد لە شاری هەولێر کارەبای نیشتمانییان کەمبووەتەوە.
دوای کەمبووەنەوەی کاژێرەکانی کارەبا، خۆران خۆرانی، بەرپرسی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بە رووداوی گوت، وەزارەتی کارەبا ئاگاداری کردوونەتەوە لەگەڵ بڕانی کارەبادا کار بە موەلیدەکان بکەن و کارەبا بدەنە هاوبەشان.
دەقی راگەیێندراوی ئەمڕۆی وەزارەتی کارەبا:
لە رێککەوتی 19ـی مانگی 10، بەهۆی ئەنجامدانی زنجیرەیەک کاری سازدانەوە و شارستانی، 12 کێبڵی کارەبای 132 کەی ڤیی پاڵەپەستۆی بەرز زیانیان بەرکەوت و بووە هۆی پچڕانی پێدانی کارەبا بە وێستگەکانی نووسەران و پارک لە هەولێر.
بەم هۆیەوە، نزیکەی 72 هەزار هاووڵاتی دووچاری پچڕانی کارەبا بوونەتەوە لە گەڕەکەکانی (نووسەران، حاکماوە، تەیراوە، بەشێکی بەختیاری، سەلاحەدین، ئاری، تاوەرەکانی گوڵان، پڕۆژەی کواترۆ، سکای تاوەر و بۆلیڤارد).
تیمەکانی چاککردنەوەی وەزارەتی کارەبا و پڕۆژەی رووناکی کار دەکەن لەسەر ئەوەی بە زووترین کات چارەسەری ئەم کێشەیە بکەن و پێشبینی دەکرێت ئەمشەو دەست بە گەڕانەوەی کارەبای ئەم ناوچانە بکرێت.
لەم بارەیەوە، وەزارەتی کارەبا سوپاسی تێگەیشتنی هاووڵاتیان دەکات.



.webp&w=3840&q=75)