رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای فلای ئەربیل بۆ فڕۆکەوانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، توانیویانە بڕوانامەی کارپێکردنی ئاسمانیی عێراقی (AOC) بەدەستبهێنن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22-10-2026 فلای ئەربیل رایگەیاند، بڕوانامەکە لە شاری بەغدا و لەلایەن ئەمجەد کازم، جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق پێشکێشی لاوەند مەموندی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فلای ئەربیل کراوە.
لاوەند مەمووندی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای وەرگرتنی بڕوانامەی (AOC) هێڵی ئاسمانیی فلای ئەربیل وەکو هێڵێکی عێراقی باوەڕپێکراو کارەکانی فراوانتر دەکات".
لاوەند مەمووندی گوتی: "بەدەستهێنانی بڕوانامەی کارپێکردنی ئاسمانی کارێکی ئاسان و سادە نەبووە، لە یەکەم رۆژی دامەزراندنییەوە، کۆمپانیای فلای ئەربیل سەلامەتی و ئاسایشی گەشتیاران و پابەندبوون بە یاسا، رێسا و رێنماییە پەسەندکراوەکانی کەرتی فڕۆکەوانی خستووەتە پێشەوەی هەموو کارە پێشینەکانی خۆی".
کۆمپانیای فلای ئەربیل بۆ فڕۆکەوانی لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت: "ئەمڕۆ خەونەکە بوو بە راستی؛ دەستکەوتێکی مێژوویی و هەنگاوێکی نوێ بەرەو ئاسۆی داهاتوو، بە شانازییەکی زۆرەوە، کۆمپانیای فلای ئەربیل رایدەگەیێنێت، کە توانیویەتی دەستکەوتێکی گرنگ و بەنرخ لە مێژووی کارکردنی خۆیدا بە بەدەستهێنانی بڕوانامەی کارپێکردنی ئاسمانی (AOC) لە لایەن دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراقەوە بەدەستبهێنێت".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەم دەستکەوتە تەنیا بەدەستهێنانی بڕوانامەیەکی فەرمی نییە، بەڵکو قۆناخێکی مێژووییە لە رێڕەوی کۆمپانیای فلای ئەربیلدا، کە توانای کۆمپانیا لە گەیشتن بە ئامانج و ئاواتەکانی دەردەخات و سووربوونی لەسەر بەشداریکردنی کاریگەر لە پەرەپێدانی کەرتی فڕۆکەوانی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا پشتڕاست دەکاتەوە".
فلای ئەربیل تاکە هێڵی فڕۆکەوانییە کە ئێستا لە هەرێمی کوردستانەوە رۆژانە گەشتی راستەوخۆی بۆ بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپا هەیە.


.webp&w=3840&q=75)
