رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان دەڵێ، سەرجەم دەرچووانى خوێندنگە کوردییەکانى کەرکووک و خانەقین و شنگال و ناوچە کوردستانییەکان لە زانکۆ پەیمانگاکانی هەرێمى کوردستان وەردەگیرێن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22 تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند: لەسەر راسپاردەی د. ئارام محمد، وەزیرى خوێندنى باڵا، رەزامەندیی درا لەسەر وەرگرتنى سەرجەم دەرچوانى خوێندنگە کوردییەکانى کەرکووک و خانەقین و شنگال و ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان.
لە راگەیێنراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵادا هاتووە، بۆ ئەمساڵی خوێندن، 878 خوێندکار و قوتابى شارى کەرکووک و خانەقین و شنگال و تەواوى ناوچە کوردستانییەکان لەزانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان بەهەمان پێوەر و کۆنمرەى وەرگیراوى خوێندکارانى هەرێمی کوردستان بۆ ساڵى خوێندنى (2026-2027). وەرگیراون.
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی خوێندنی باڵا پیرۆزبایى لە دەرچووانى شارى کەرکووک و خانەقین و شەنگال و ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان دەکات و دەڵێت: خەڵکی ئەم ناوچانە بەشێکی رەسەن و دانەبڕاون لە هەرێمی کوردستان و نیشتیمانەکەمان.
بە گوێرەی داتاکانی وەزارەتەکە، ئەمساڵ 13005 دەرچووى خوێندنگە کوردییەکانى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمی کوردستان، داواکارییان بۆ زانکۆکانی هەرێمی کوردستان پێشکێش کردووە و لەو ژمارەیە 878 یان وەرگیراون. ئەوانەی دیکەش دواتر بە پێی کۆنمرەکانیان لە شوێنی شایستەی خۆیان ناویان دەگەڕێتەوە، بەمەش رێژەی وەرگرتنیان دەبێتە سەدا سەد.


