رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەنگۆی بوونی درۆن یان هێز و یەکەی سەربازیی ئۆکراینی لە خاکی هەرێمی کوردستان رەتدەکاتەوە و بە هەواڵی "بێبنەما" ناوی دەبات.
لە راگەیێندراوێکدا، وەزارەتەکە جەخت لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی بێلایەنی، خۆبەدوورگرتن لە ناکۆکییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، و رەتکردنەوەی هەر هەوڵێک بۆ بەکارهێنانی خاکی هەرێمی کوردستان وەک پێگەیەک بۆ جووڵەی سەربازی یان دوژمنکارانە دژ بە هیچ وڵاتێک.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردووەتەوە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە پێشینەی کارەکاندایە و بە هیچ شێوەیەک رێگە نادرێت هەرێمی کوردستان پەلکێشی ناو ئەو ململانێیانە بکرێت.


