رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەم هەفتەیە دابەشکردنی زەوی لە سنووری قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر دەستپێبکات. بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی هەولێر دەڵێ، دابەشکردنی زەوی لە سنوورەکە 7500 فەرمانبەر دەگرێتەوە و لە قۆناخی یەکەمدا 2500 فەرمانبەر زەوی وەردەگرن.
ئەمڕۆ شەممە 24ی تشرینی یەکەمی 2026، مەریوان حاکم هادی، بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی هەولێر بە رووداوی گوت: "ئامادەکارییەکان بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر 7500 فەرمانبەری سنووری قەزای کۆیەدا بەردەوامن و ئەم هەفتەیە 2500 فەرمانبەر زەوی وەردەگرن کە ئەمەش قۆناخی یەکەمە."
مەریوان حاکم هادی گوتی: "هەوڵ دەدرێ زەوییەکان لە شوێنێکی گونجاودا بن و بۆ ئەو مەبەستە نزیک رێگەی هەولێر–کۆیە دیاریکراوە کە بە شێوەی تیرووپشک بەسەر فەرمانبەران دا دابەش دەکرێن."
سەبارەت بە رووبەری زەوییەکان، سەرۆکی شارەوانییەکانی هەولێر رایگەیاند: "هاوشێوەی فەرمانبەرانی دیکەی هەرێمی کوردستان هەر فەرمانبەرێک لە کۆیە زەوییەکی 200 مەتری وەردەگرێ و رەچاوی خاڵبەندیی و خزمەت دەکرێ."
دابەشکردنی زەویی لە سنووری کۆیە بە سێ قۆناخ دەبێ. لە قۆناخی یەکەم 2500 فەرمانبەر زەوی وەردەگرن، لە قۆناخی دووەم و سێیەمیشدا 5000 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشدەکرێن.


