رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی زانکۆی سلێمانی دەڵێ، هەر خوێندکارێک سێ موحازەرە لە وانەیەکدا ئامادە نەبێ، ئەوا بە گوێرەی رێنماییەکان لەو وانەیەدا بە کەوتوو هەژمار دەکرێ؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە دوو ساڵدا زیاتر لە 50 خوێندکار بەهۆی ئامادەنەبوون، بە کەوتوو هەژمار کراون. بەڕێوبەری بەشی تۆماری زانکۆی سەڵاحەدینیش دەڵێ: "ئامادەنەبوونی قوتابیان لە وانەکاندا لە رێگەی سیستمی (بۆڵۆنیا)ەوە تۆمار دەکرێ. بۆ نموونە، ئەگەر سیستمەکە قوتابییەک بەدی بکات کە سێ موحازەرە نەچووبێتە ژوورەوە، راستەوخۆ ناوەکەی لە سیستم رەش دەکاتەوە".
ئەمڕۆ شەممە 24ی تشرینی یەکەمی 2026، د. سەرکۆ ساڵح، بەڕێوەبەری تۆماری زانکۆی سلێمانی بە رووداوی گوت: "بە گوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و لەسەر بنچینەی جێبەجێکردنی سیستمی بۆڵۆنیا، هەر خوێندکارێکی زانکۆ سێ موحازەرە ئامادە نەبێت، لەو وانەیەدا بە کەوتوو هەژمار دەکرێ."
سەبارەت بە رۆژەکانی نەهاتنی خوێندکار بۆ زانکۆ، د. سەرکۆ ساڵح گوتی: "هەر خوێندکارێک سێ بۆ چوار هەفتە بەسەریەکەوە نەچێتە وانەکان و بەفەرمی هۆکار پێشکێشی زانکۆ نەکات، بە کەوتوو هەژمار دەکرێ و دەبێت ساڵی داهاتوو لە هەمان قۆناخ بێت. بەڵام ئەگەر راپۆڕتی پزیشکیی یان هۆکارێکی یاسایی هەبێت بۆ ئامادەنەبوون لە وانەکان، ئەوا هاوکاری دەکرێ."
د. سەرکۆ روونی کردەوە، ئەوانەی بە کەوتوو هەژمار دەکرێن، دوو جۆرن. جۆری یەکەم، ئەو خوێندکارانەی کە ناچنە نێو وانەکانەوە، کە لە دوو ساڵی رابردوودا 17 خوێندکار بەهۆی ئامادەنەبوونەوە لە وانەیەکدا بە کەوتوو هەژمارکراون. جۆری دووەم، ئەو خوێندکارانەن ناچنە زانکۆ و هەموو رۆژەکە لە وانەکاندا ئامادە نەبوون. لە دوو ساڵدا زیاتر لە 50 خوێندکار تەواوی ساڵەکە بە کەوتوو هەژمار کراون لە هەموو بابەتەکاندا.
بە گوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، ئەگەر خوێندکار زیاتر لە %10ی کۆی کاژێرەکانی وانەیەک لە هۆڵی خوێندن ئامادە نەبێ، لەو بابەتەدا بە کەوتوو دادەنرێ و مافی نییە بەشداریی تاقیکردنەوەی کۆتایی بکات لە وانەکەدا.
ئەگەر خوێندکارەکە پاساوێکی یاسایی یان پزیشکی هەبێت کە لەلایەن ئەنجوومەنی کۆلێژەوە پەسەند بکرێ، رێژەی ئامادەنەبوونی رێگەپێدراو دەبێتە %15ی کاژێرەکان. ئەگەر لە %15 تێپەڕی، ئەو کاتە بە کەوتوو دادەنرێ.
سەبارەت بە هۆکاری ئامادەنەبوونی خوێندکار لە زانکۆ، بەڕێوەبەری تۆماری زانکۆی سلێمانی گوتی: "بەشێک لەو خوێندکارانە گەشت دەکەن، بەشێکی دیکەیان کەمتر ویستی خوێندنیان هەیە و کەم دەچنە زانکۆ، بەشێکی دیکەش ئەوانەن کە لە دەرەوە کار دەکەن یان لە شوێنێک دەوام دەکەن، هتد.."
بە گوێرەی زانکۆی سلێمانی خوێندکاران سێجار ئاگاداردەکرێنەوە:
• ئاگادارکردنەوە: ئەگەر رێژەی ئامادەنەبوونی خوێندکار گەیشتە 3%لە کۆی گشتی کاژێرەکانی وانەکە.
• ئاگادارکردنەوەی یەکەم: ئەگەر رێژەی ئامادەنەبوون گەیشتە 5%.
• ئاگادارکردنەوەی کۆتایی: ئەگەر رێژەی ئامادەنەبوون گەیشتە 7%.
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، د. بەمۆ پەروێز ، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە بە رووداوی گوت: "کەوتن لەسەر بنچینەی ئامادەنەبوون لە زانکۆی هەڵەبجە دەگمەنە، بەو پێیەی خوێندکاران کاتێک نزیکدەبنەوە لەو رێژەیەی کە تێیدا بە کەوتوو هەژمار دەکرێن، پابەند دەبن بە هاتن بۆ زانکۆ."
سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە روونی کردەوە: "ئەگەر بە نموونە کۆلێژی یاسا وەربگرین، دەبێت لە ساڵەکەدا 30 هەفتە خوێندکار دەوام بکات، ئەگەر خوێندکارەکە لە 5% نەچێتە نێو وانەوە، ئەو کاتە ئاگادارکردنەوەی یەکەمی بۆ دەچێت. ئەگەر رێژەکە بگاتە 07% ئاگادارکردنەوەی دووەمی بۆ دەچێت. ئەگەریش رێژەکە بگاتە 10% بەڵێننامەی لێ وەردەگیرێ. ئەگەر بگاتە 11% دەستبەجێ خوێندکارەکە لەو وانەیەدا بە کەوتوو هەژمار دەکرێ".
هەر ئەمرۆ یەکشەممە، د. کارزان کازم، بەڕێوبەری بەشی تۆماری زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر بە رووداوی گوت: "ئامادەنەبوونی قوتابیان لە وانەکاندا لە رێگەی سیستمی (بۆڵۆنیا)ەوە دەکرێ. بۆ نموونە، ئەگەر سیستمەکە قوتابییەک بەدی بکات، سێ موحازەرە نەچووبێتە ژوورەوە، راستەوخۆ ناوەکەی لە سیستم رەش دەکاتەوە."
ئەو بەرپرسەی زانکۆی سەڵاحەدین گوتیشی: "ئەگەر رێژەی نەچوونە ژوورەوەی قوتابییەکە بگاتە 10%ی وانەکان، راستەوخۆ لەو وانەیەدا بە کەوتوو هەژمار دەکرێ"، روونیشی کردەوە، "ئەگەر خوێندکارەکە راپۆرتی پزیشکیی یان هۆکارێکی یاسایی بۆ نەهاتنی بخاتەڕوو، رێژەی ئامادەنەبوونی لە وانەکەدا بۆ دەکرێتە 15%."
سەبارەت بە چاودێریکردنی خوێندکاران، د. کارزان کازم رایگەیاند: "لە رێگەی ئەپلیکەیشنەوە چرکە بە چرکە چاودێریی قوتابییان دەکرێ. ئەگەر مامۆستایەک قوتابییەک بە نەهاتوو تۆماربکات، دەستبەجێ قوتابییەکە لە رێگەی نامەوە ئاگادار دەکرێتەوە کە رێژەی نەهاتنە ناو وانەکەیەوە چەندە"؛ گوتیشی: "ساڵی رابردوو زیاتر لە 100 قوتابی بەهۆی نەچوونە ناو وانەوە لە یەک دەرسدا بە نەهاتوو دانراون."

