رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان داوا لە سەرۆکی بەتەمەنی پەرلەمان دەکات بێ مەرج و کۆت دانیشتنی پەرلەمان دەستپێبکاتەوە و رایدەگەیێنێت، هیچ بیانوویەک بۆ دواخستنی زیاتری کۆبوونەوەی پەرلەمان نییە و فراکسیۆنەکەیان بۆ دانیشتن و کاراکردنەوەی پەرلەمان ئامادەیە.
ئەم پەیامەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ شەممە، 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، محەممەد سلێمان، سەرۆکی بەتەمەنی پەرلەمانی کوردستان لە پشکی نەوەی نوێ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاندبوو، ئامادەیە بانگێشتی کۆبوونەوەی پەرلەمانتارانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکات، بەڵام بەو مەرجەی سەرجەم لایەنەکان ئامادەیی دەرببڕن.
د. ڤالا فەرید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا کە ئاراستەی سەرۆکی بەتەمەنی پەرلەمانی کردووە بڵاویکردەوە: "دەستپێکردنەوەی دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان و تەواوکردنی رێکارە یاسایی و پەیڕەوییەکان کە بریتین لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، ئەرکی بەڕێزتانە و پێویستە ئەو ئەرکە بێ مەرج و کۆت جێبەجێ بکەن و دانیشتن بەڕێوەببەن."
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەیامەکەیدا دەڵێ،"هەر لایەنێک ئامادە نەبێت، خۆی بەرپرسیارە بەرامبەر خوێنی شەهیدان و مێژوو، هەروەها هیچ بیانوویەک نییە بۆ دواخستنی زیاتری کۆبوونەوەی پەرلەمان."
ڤالا فەرید داوا لە سەرۆکی بەتەمەن دەکات و دەڵێت: "بفەرموون بانگێشتی ئەندامانی پەرلەمان بکەن بۆ تەواوکردنی دانیشتنی یەکەم، ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی ئامادەین بۆ دانیشتن و کاراکردنەوەی پەرلەمان."
سەرۆکی بەتەمەنی پەرلەمانی کوردستان گوتبووی: "ئامادەم بانگێشتی کۆبوونەوەی ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەم، ئەگەر هەموو لایەنەکان بەتایبەت ئەو لایەنانەی کە زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانیان لایە، ئامادەیی خۆیان رابگەیێنن بۆ بەشداری لە دانیشتنەکەدا لە پێناو چالاککردنەوەی پەرلەماندا."
محەممەد سەلمان، ئەوەشی خستبووەڕوو کە دانانی ئەم مەرجە "لە پێناو پاراستنی هاوسەنگی و رێگرتنە لە ئاڵۆزی لە لایەک، لە لایەکی دیکەش پێکهێنانی دەستەیەکی فرەڕەنگ، چالاک و کاریگەرە تاوەکو پەرلەمان هەڵگری تایبەتمەندیی یاسایی و دیموکراسیی خۆی بێت."
رۆژی 20-10-2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، دواتر لە 02-12-2024 یەکەمین دانیشتنی پەرلەمان بە سەرۆکایەتیی محەممەد سلێمان بەڕێوەچوو، بەڵام بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان لەسەر هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی، کۆبوونەوەکە بە کراوەیی هێڵدرایەوە و تاوەکو ئەمڕۆ هیچ کۆبوونەوەیەکی دیکە نەکراوە.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کە 20-10-2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین کورسی بەدەستهێنا کە 39 کورسی بوو. دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی و نەوەی نوێ 15 کورسی بەدەستهێنا.




