رووداو دیجیتاڵ
کەمێک پێش ئێستا، لەسەر رێگای کەلار – سەیدخەلیل لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، پاسێکی بچووک وەرگەڕا و بەهۆیەوە 8 منداڵ برینداربوون کە دۆخی تەندروستیی چواریان سەختە.
رەفیق قادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:”مینی پاسەکە منداڵەکانی بۆ یاریی تۆپی پێ گواستووەتەوە و
لە کاتی گەڕانەوەیاندا وەرگەڕاوە”.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتن ئاماژەی بەوە کرد، تیمەکانی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و سەرجەم بریندارەکانیان بۆ نەخۆشخانە گواستووەتەوە.
بە گوتەی رەفیق قادر، 4 لە بریندارەکان دۆخی تەندروستییان سەختە، بڕیارە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری زیاتر، 3 لەو منداڵانە رەوانەی نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی بکرێن.

