رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی هەولێر جووتیارانی سنوورەکە ئاگادار دەکاتەوە بنەتۆوی گەنم ئامادەیە و بە نرخی پاڵپشتیکراو بەسەر جووتیاراندا دابەش دەکرێ.
ئەمڕۆ یەکشەممە 25 تشرینی یەکەمی 2026، هێمن سەیید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "سەرجەم جووتیاران ئاگادار دەکەینەوە بنەتۆوی گەنم ئامادەیە و لە چەند رۆژی داهاتوودا بەسەر جووتیاران دابەش دەکرێ."
هێمن سەیید موراد گوتی: "داوا لە جووتیارانی سنوورەکە دەکەین لە سبەی دووشەممە 26 تشرینی یەکەمەوە سەردانی بەرێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی هەولێر بکەن و ناوی خۆیان بۆ وەرگرتنی بنەتۆوی گەنم تۆمار بکەن."
سەبارەت بە نرخەکەی، کشتوکاڵی هەولێر روونی کردەوە: "هەر تۆنێک بنەتۆو 795 هەزار دینار لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەوێ، بەڵام بە نرخی پاڵپشتیکراو واتە، هەر تۆنێک بە 400 هەزار دینار بەسەر جووتیاران دا دابەش دەکرێ."
سەبارەت بە ژمارەی ئەو جووتیارانەی سوودمەند دەبن، هێمن سەیید موراد گوتی: "بە گوێرەی ئەو پلانەی دانراوە، هەر جووتیارێکی هەولێر و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان( ئەوانەی ناویان لە پلانی نیشتمانیدا هەیە) خوازیاری بنەتۆو بێت، سوودمەند دەبێت و ئەو بڕەی دەیەوێت وەریدەگرێ."
بە گوێرەی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ئەم ساڵ 36 بۆ 38 هەزار تۆن بنەتۆو بەرهەمهێندراوە، نزیکەی 14 هەزار تۆنی لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە لە جووتیاران بە نرخی بازاڕ کڕدراوە.
پار ئەو بنەتۆوەی لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە دابەشکرا، هەر تۆنێکی بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومەت بە 450 هەزار دینار درایە جووتیاران.

