رووداو دیجیتاڵ
لەسەر رێگەی نێوان کەلار - رزگاری لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، بەهۆی دەمەقاڵێ لەسەر پارەی مامەڵەی گەنم، تەقە لە سێ کەس کرا و بریندار کران؛ پۆلیسی گەرمیانیش دەڵێت، تەقەکەرەکان هەڵاتوون بەڵام ناسراونەتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەقید سۆران محەممەد غەریب، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەسەر رێگەی کەلار - رزگاری چەند کەسێک کە مامەڵەی بازرگانیی گەنمیان لە نێواندا بووە، لەسەر پارە بووەتە دەمەقاڵێیان. پاشان چەند کەسێک تەقەیان لە سێ کەس کردووە و برینداریان کردوون."
بە گوتەی عەقید سۆران محەممەد، تەقەکەرەکان دوای رووداوەکە بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری تویۆتا هایلۆکس هەڵاتوون.
سەبارەت بە تەندروستیی بریندارەکان، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان گوتی: "بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و تەندروستییان باشە، ئێستاش لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا دەستیپێکردووە و گوتەیان لێ وەردەگیرێت."
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانی پۆلیس، ئەو سێ کەسەی بریندار بوون خەڵکی کەلارن و تەقەکەرەکانیش خەڵکی دەربەندیخانن.
عەقید سۆران محەممەد گوتی، تەقەکەرەکان ناسراونەتەوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە، لە هەمان کاتیشدا گەڕان بەدوایاندا بۆ دەستگیرکردنیان بەردەوامە.


