رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری هەولێر ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە دیاریکردنی نرخی کارەبای پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بەپێی رووبەری یەکەکان دەکەن و رایدەگەیێنێت، نرخی کارەبا تەنیا لەسەر بنەمای بەکارهێنان، کیلۆوات و خوێندنەوەی پێوەر دیاری دەکرێت، نەک رووبەری یەکەی نیشتەجێبوون.
رۆژی یەکشەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو دەنگۆیانە راست نین کە دەڵێن نرخی کارەبای پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بە گوێرەی رووبەرەکەیان هەژمار دەکرێت".
هێمن قادر دەڵێت: "دوو لیژنە خەریکی کارەکانی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونی هەولێرن، کە بریتین لە لیژنەی دانانی نرخ و لیژنەی سکاڵای شارەکەم، هەردوو لیژنەکەش تەنیا لەسەر بنەمای کیلۆوات، بەکارهێنان و پێوەر نرخی کارەبای پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون دیاری دەکەن."
جێگری پارێزگاری هەولێر باسی لەوەش کرد، کە تەنیا کرێی هەندێک لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان پەیوەستن بە رووبەری یەکەکان و گوتی: "تەنیا خزمەتگوزارییەکانی وەک باخچە، ئەسانسوار و چاودێری بە رووبەری خانوو و یەکەکان هەژمار دەکرێن، بەڵام بابەتی کارەبا بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە رووبەرەوە نییە."
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی رووناکی راگەیاند. بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ کارەبای 24 کاژێری بۆ هەموو ماڵ و شوێنە بازرگانییەکانی کوردستان دابین بکات.

