رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک باران دەبارێت. کەشناسێک پێشبینی دەکات، رۆژی دواتر بارانبارین پارێزگاکانی کەرکووک، سلێمانی و هەڵەبجە بگرێتەوە و نزیکەی هەفتەیەک بەردەوام بێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 27-10-2026 کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئاسمان نیمچەهەور دەبێت و بەراورد بە دوێنێ پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە.
لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە کەشناسی دەڵێت: "سبەی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆیەک سەرەتا لەسەر ناوچە سنوورییەکان بە نمەبارانی پچڕپچڕ دەست پێدەکات، لە نیوەڕۆدا نمەباران لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، سنووری پارێزگای دهۆک، ناوچە شاخاوییە بەرزەکانی پارێزگای هەولێر و بەشێک لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەبارێت، پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و کەرکووک ئاسمانیان بەردەوام نیمچەهەور دەبێت".
سالار حاجی عەلی، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شەپۆلی بارانبارین سبەی سەرەتا لە پارێزگاکانی عێراقەوە دەستپێدەکات، دواتر پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر، هەڵەبجە، سلێمانی و کەرکووک دەگرێتەوە".
سالار حاجی عەلی گوتی: "سەرچاوەی شێی شەپۆلەکە لە زەریای ئەتڵەسییەوە دەست پێدەکات و بەسەر کیشوەری ئەفریقاوە تێدەپەڕێت، بەسەر دەریای سووردا دەڕوات و لەگەڵ شێی دەریای سپیی نێوەڕاست و بارستەهەوای ساردی جەمسەریی باکوور تێکەڵ دەبێت، ئەم یەکگرتنەش هەوری چڕ و بارانبارینی بەخوڕ دروست دەکات".
بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە: "لە رۆژانی بارانباریندا کە شەش رۆژ بەردەوام دەبێت کەمترین بڕی باران 15 ملیمەتر دەبارێت و زۆرترینیش لە هەندێک شوێن 50 ملیمەتر تێدەپەڕێنێت؛ بەهۆی چڕبوونەوەی لەناکاوی هەور، ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاو و لافاو لە بەشێک لە ناوچەکان دەبێت".
سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما دوو بۆ چوار پلەی سیلیزی دادەبەزێت و بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر: 27 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 26 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 27 پلەی سیلیزی
دهۆک: 24 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 28 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 25 پلەی سیلیزی
ئاکرێ: 26 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 32 پلەی سیلیزی
پیرمام: 24 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 18 پلەی سیلیزی


