رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند، بەهۆی فێستیڤاڵی هەنارەوە بەڕێوەبردنی مامەڵەی هاووڵاتییان بۆ ماوەی دوو رۆژ رادەگرن.
لە راگەیێندراوەکەدا کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە هاتووە: "بەهۆی تەرخانکردن و راسپاردنی تەواوی ئەفسەر و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیمان بۆ رێکخستنی هاتووچۆ و شەقامەکان لە رۆژانی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی هەنار، رۆژانی چوارشەممە 28 و پێنجشەممە 29ی ئەم مانگە بەشەکانی راپەڕاندنی مامەڵەی هاووڵاتییان رادەگیرێن".
ستار مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە، ئەمڕۆ سێشەممە 27-10-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سبەی فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە دەست پێدەکات و بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت".
لیژنەیەکی باڵا لە هەڵەبجە بۆ بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵەکە پێکهێندراوە و نوێنەری هەموو فەرمانگەکانی تێدایە و دەڵێن، هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە بۆ ئەوەی قەرەباڵخیی زۆر دروست نەبێت و رێکاری ئەمنی پارێزراو بێت.
لە دوو ساڵی رابردوودا فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە لە رۆژانی 30 و 31ـی مانگی 10 دەستی پێکردبوو و بۆ سێ رۆژ بەردەوام ببوو، ئەم ساڵ چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.


