رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، 44 هەزار تۆن برنجی ئەمریکی گەیشتووەتە عێراق بۆ دابەشکردن لە بەشەخۆراکی مانگانەدا. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرەتای مانگی داهاتوو حەوتەم بەشەخۆراکی مانگانە دابەش دەکرێت.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 27-10-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دابەشکردنی شەشەم بەشەخۆراکی مانگانە لە کۆتاییدایە و سەرەتای مانگی داهاتوو دابەشکردنی حەوتەم بەش دەستپێدەکات".
لە بەشەخۆراکی مانگانەدا یەک لیتر رۆنی شل، یەک قوتوو ئاوی تەماتە، سێ کیلۆ برنج، یەک کیلۆ شەکر، نیو کیلۆ نیسک و نیو کیلۆ لەتکە نۆک دابەش دەکرێت.
وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاندووە، بۆ بەشەخۆراکی مانگانە 44 هەزار تۆن برنجی ئەمریکی هاوردە کراوە. بەڕێوەبەری بازرگانیی هەرێمی کوردستان گوتی: "پێشتریش برنجی ئەمریکی بۆ بەشەخۆراک هاوردە کراوە، بەڵام بڕەکە کەم بووەوە و نەگەیشتووەتە هەموو کەسێک".
نەوزاد شێخ کامیل گوتی: "برنجی بەشەخۆراک لە چەندین وڵاتەوە هاوردە دەکرێت، بەتایبەت لە تایلەند و هیندستانەوە".
پار لە کۆی 12 بەشە خۆراک، هەشت بەشەخۆراک و پێراریش 10 بەشە خۆراک دابەش کران، ئەم ساڵیش تاوەکو ئێستا شەش بەشەخۆراک دابەش کراوە و بڕیارە حەوتەم بەش دابەش بکرێت.
پێش گۆڕینی فۆرمی خۆراک بۆ ئەلیکترۆنی، پێنج ملیۆن و 386 هەزار و 51 هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بەشەخۆراکی مانگانەیان وەردەگرت، بەڵام بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی بازرگانی، 294 هەزار و 432 هاونیشتمانی بەهۆی تۆمارنەکردنیان لە سیستمی ئەلیکترۆنی، بەشەخۆراکیان بڕدراوە.


