رووداو دیجیتاڵ
سایتی فەرمیی پەرلەمانی کوردستان راگەیێندراوێکی بە ناوی "سەرۆکایەتیی دیوانی پەرلەمان" بڵاوکردەوە و تێیدا بانگهێشتی پەرلەمانتارانی کرد سبەی ئامادەی کۆبوونەوەی پەرلەمان بن، بەڵام سەرۆکی دیوان دەڵێت پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە.
ئەردەلان محەممەد سەرسیپی، سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ سێشەممە 03-11-2026 رایگەیاند، بانگەوازێک بە ناوی سەرۆکایەتیی دیوانی پەرلەمان بڵاوکراوەتەوە بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان، بەڵام "ئەو بانگەوازە دوور و نزیک پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە و هیچ کەس و لایەنێکمان رانەسپاردووە بۆ ئەم ئەرکە".
لەبارەی هۆکاری رەتکردنەوەی راگەیێندراوەکەوە سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "لەبەر ئەوەی تاوەکو ئێستا رێژەی یاسایی بۆ دانیشتنی ئەندامانی پەرلەمان کە (50+1)ـە بەفەرمی بەدەست ئێمە نەگەیشتووە، بەڵکو تەنیا واژۆی 43 ئەندامی پەرلەمان بەفەرمی بە ئێمە گەیشتووە، لە کاتێکدا ئێمە لە دەوامی فەرمیی ئاسایی خۆمانین، هەر کاتێک ئەم رێژەیە بەردەست بوو هۆڵی پەرلەمان ئامادە و کراوەیە".
دکتۆر ڤالا فەرید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 03-11-2026 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بانگهێشتی سەرجەم فراکسیۆنەکان دەکەن بۆ دانیشتنی پەرلەمان.
هەر ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا کە تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە لە سایتی فەرمی پەرلەمان ماوە، سەرۆکایەتیی دیوانی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: "بانگهێشتی گشت ئەندامە بەڕێزەکانی پەرلەمان دەکەین بۆ تەواوکردنی بڕگەکانی دانیشتنی (یەکەم)ی خولی پاییزەی ساڵی یەکەم لە خولی هەڵبژاردنی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان - عێراق، لە کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ، رۆژی چوارشەممە 04-11-2026، تکایە لە کاتی دیاریکراودا ئامادەبن".
جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، سۆسیال دیموکرات و بەشێکی پێکهاتەکان ئامادەییان بۆ کۆبوونەوەی سبەی دەربڕیوە، بەڵام لایەنەکانی دیکە جگە لە رەوتی هەڵوێست کە دەڵێن بەشدار نابن، بە رووداویان گوت، هێشتا یەکلا نەبوونەتەوە کە بەشداری کۆبوونەوەی سبەی دەکەن یان نا.
لە 20-10-2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو؛ 02-12-2024، یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرا و تاوەکو ئەمڕۆ کۆبوونەوەی دیکە نەکراوە.


