رووداو دیجیتاڵ
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەشێکی پێکهاتەکان و پەرلەمانتارەکەی سۆسیال دیموکراتی کوردستان هەوڵدەدەن رێژەی یاسایی بۆ دانیشتنی پەرلەمان تەواو بکەن کۆبوونەوەی سبەی بکرێت، پەرلەمانتارێکی یەکێتیش کە دەستلەکارکێشانەوەی راگەیاندووە لەبارەی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی سبەی دەڵێت: "سبەی دەبینن چی روودەدات".
هەردی سەڵاح، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 03-11-2026 لە راگەیێندراوێکدا لە فەیسبووکی خۆی رایگەیاند: "لە ئەمڕۆوە هیچ پەیوەندییەکم بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە نەماوە و وازم لە یەکێتی هێنا، بەهۆی بێوەفایی و بێبەڵێنی و بێهەڵوێستییەوە باوەڕم نەما".
هەردی سەڵاح بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوەی لە ئەکاونتەکانی لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان بڵاوکراوەتەوە، هەڵوێستی ئەوە و راستە.
ئەوەی روون بووەتەوە بۆ کۆبوونەوەی سبەی 43 پەرلەمانتار بەفەرمی ئامادەن؛ 39 پەرلەمانتاری پارتی، سێ ئەندامی پێکهاتەکان و یەک ئەندامی سۆسیالیست، ناوی کەسی دیکەش دەهێندرێت، بەڵام هیچ پەرلەمانتارێک بەفەرمی ئامادەبوونی رانەگەیاندووە، لە کاتێکدا بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆ، دەبێت 50+1 واتا 51 پەرلەمانتار ئامادەبن بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی پەرلەمان بکرێت.
سەبارەت بە بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکەی پەرلەماندا، هەردی سەڵاح گوتی: "سبەی شتەکان بە چاوی خۆتان دەبینن کە چ روودەدات".
هەردی سەڵاح لە روونکردنەوەکەیدا رایگەیاندووە: "لێرە بەدواوە وەکو پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ بەردەوام دەبم و هەر شتێک لە خزمەتی کوردستان و خەڵکەکەی بێت ئەوە دەکەم".
جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، سۆسیال دیموکرات و بەشێکی پێکهاتەکان ئامادەییان بۆ کۆبوونەوەی سبەی دەربڕیوە، بەڵام لایەنەکانی دیکە جگە لە رەوتی هەڵوێست کە دەڵێن بەشدار نابن، بە رووداویان گوت، هێشتا یەکلا نەبوونەتەوە کە بەشداری کۆبوونەوەی سبەی دەکەن یان نا.
لە 20-10-2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو؛ 02-12-2024، یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرا و تاوەکو ئەمڕۆ کۆبوونەوەی دیکە نەکراوە.

