رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا بەشێک لە دانیشتووانی مەلا ئۆمەر گلەیی لە نەبوونی کارەبای موەلیدە لە کاتی بەیانیان دەکەن، سەرۆکی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی ناحیەی کەسنەزان دەڵێت، کێشەکەیان پێگەیشتووە و چارەسەر دەکرێت.
سومەییە ئەحمەد، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گەڕەکی بارزانی لە کۆمەڵگەی مەلا ئۆمەری سەر بە ناحیەی کەسنەزانی پارێزگای هەولێر، لە رێگەی رادیۆی رووداوەوە نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی کە بەیانیان لە کاتی چوونە دەوام و قوتابخانەدا موەلیدە ناخرێتە کار، سەرەڕای ئەوەی رێنمایی پارێزگا هەیە کە دەبێت بەیانیان موەلیدە هەڵبکرێت: "خەڵک بەیانیان دەچێتە کار یان منداڵی دەچێتە قوتابخانە و پێویستی بە کارەبایە."
لەم بارەیەوە، فەرهاد ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی کەسنەزان، لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو جەختی کردەوە کە سەرجەم موەلیدەکانی سنوورەکە کار دەکەن و هیچ موەلیدەیەک رانەگیراوە، هەروەها سەبارەت بە کێشەکەی مەلا ئۆمەریش ئاماژەی بەوە دا کە کاری لەسەر کراوە و "لە سبەیەوە دۆخەکە رێکدەخرێتەوە و کارەبا دەدرێت."

.jpeg&w=3840&q=75)

