رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی لە بەرنامەی "بەرپرسیار"ـی تۆڕی میدیایی رووداودا چیرۆکی ئەو قوتابییانە پەخشکرا کە لافاو تەواوی کتێب و جلوبەرگی قوتابخانەکەیانی بردبوو، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر بەدەم کێشەکەیانەوە هات و بڕیاری دا سەرجەم پێداویستییەکانی خوێندنیان بۆ دابین بکات.
رۆژی چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای ئەوەی لە رووداو بینیمان کە بەهۆی لافاوەکەوە پێداویستیی قوتابخانەی چەند قوتابییەک ژێرئاوکەوتوون، وەک ئەرکێکی نیشتمانی و مرۆیی دەستبەجێ بڕیارمان دا هاوکاریی تەواویان پێشکەش بکەین."
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر گوتیشی: "سەرجەم پێداویستییەکانی خوێندنیان لە جلوبەرگ، کتێب، دەفتەر و جانتا بۆ دابین دەکەین؛ هەروەها ئامێرێکی لاپتۆپ (کۆمپیوتەر)یش وەک دیاری دەبەخشینە یەکێک لە کچە قوتابییەکان کە لە پۆلەکانی سەرەوە دەخوێنێت."
لوقمان سەعید ئاماژەی بەوەش کرد، بەداخەوە لافاوەکە لەو ماڵەدا هیچ شتێکی بە کەڵک نەهێشتووەتەوە، بۆیە پەروەردەی هەولێر رێگە نادات ئەو بارودۆخە لە خوێندن دایانببڕێت.
رۆژی شەممەی رابردوو، لە بەرنامەی مەیدانیی "بەرپرسیار" کە شەهیان تەحسین لە تۆڕی میدیایی رووداو پێشکەشی دەکات، تیشک خرایە سەر زەرەر و زیانەکانی لافاوەکەی هەولێر؛ لەنێو راپۆرتەکەدا قوتابییەکی پۆلی حەوتی بنەڕەتی لەبەردەم کامێرای رووداو گوتی: "هیچ شتێکمان بۆ دەرنەچوو، جلوبەرگ و کتێب و دەفتەرەکانم هەمووی لافاو بردوویەتی."
پەخشکردنی ئەم چیرۆکە کاردانەوەی لێکەوتەوە و پەروەردەی هەولێر لە رێگەی رووداوەوە بەڵێنی دا کە سەرجەم کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکات تاوەکو بەبێ گرفت بگەڕێنەوە نێو پۆلەکانی خوێندن.
.jpeg&w=3840&q=75)


