رووداو دیجیتاڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە نامۆ فازڵ، پاڵەوانی کورد لە یاریی هونەرە جەنگییە تێکەڵاوەکان (MMA) کرد و پشتیوانی خۆی بۆ ئەو و وەرزشوانانی دیکە دووپاتکردەوە. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی دیدارەکە ئاماژە بەوە دەدات، "لە دیدارەکەدا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە نزیکەوە دەستخۆشی و پیرۆزبایییەکی گەرمی ئاراستەی نامۆ فازڵ کرد بۆ ئەو دەستکەوتە نێودەوڵەتییە باڵایە و پاڵپشتیی خۆی بۆ گەنجان و وەرزشوانانی کوردستان دووپات کردەوه". سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، نێچیرڤان بارزانی "هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتری بۆ خواست لە کاروانی وەرزشییدا". بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پاڵەوانی نێودەوڵەتی نامۆ فازڵ، "خۆشحاڵیی" خۆی بە پێشوازی و دیداری "سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەربڕی و سوپاس و پێزانینی خۆی و وەرزشوانانی بۆ ئەو پاڵپشتی و هاندانە بەردەوامەی بهڕێزیان دووپات کردەوە".