رووداو دیجیتاڵ
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێ، دەستپێشخەرییەکەی ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو بۆ نێوەندگیری نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان "لە کاتێکی زۆر باشدا بوو" و رێگری لە ئاڵۆزیی زیاتری نێوان هەردوولا کرد؛ گوتیشی: "بیرکردنەوەی لە دوو ئیدارەیی نزیکە لە ناپاکی".
سەعدی ئەحمەد پیرە، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: "وردە وردە دۆخەکە لە رێگەی میدیای سێبەر و سۆشیاڵ میدیاوە بەرەو ئاڵۆزبوون دەچوو، بەڵام ئەم دەستپێشخەرییە رێی لە ئاڵۆزیی یەکجارەکی گرت."
بە گوتەی سەعدی پیرە، کۆبوونەوەکانی سەلاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو "ئەرێنی بوون" و یەکێک لە یەکەمین ئەنجامەکانیش ئەوە بوو کە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان "بۆ نیشاندانی نیازپاکی، رایگەیاند کە هەڵمەتی راگەیاندن دژی یەکدی لە کەناڵەکانی یەکێتی دەبێت کۆتایی پێ بێت و تاوەکو ئێستاش شەڕی راگەیاندن لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە نەماوە."
سەعدی پیرە رەخنەی لەوە گرت کە لایەنە کوردستانییەکان ناکۆکییەکانیان دەبەنە بەغدا و گوتی: "ئێمە دەبوو بە ئەزموونێکی سەرکەوتووی هەرێمی کوردستانەوە بچینە بەغدا و ئەوەی لای ئێمە هەیە، ببێتە نموونە بۆ بەغدا، کەچی ئێستا پێچەوانەکەیە."
لەبارەی دەنگۆی داواکردنی سیستمی دوو ئیدارەیی لەلایەن یەکێتییەوە، سەعدی پیرە بە تووندی ئەو لێکدانەوەیەی رەتکردەوە و رایگەیاند: "ئەمە تەفسیرێکی هەڵەیە. یەکێتی هەرگیز داوای دوو ئیدارەیی نەکردووە."
سەعدی ئەحمەد پیرە، لەبارەی دووئیدارەیی دەڵێ، بیرکردنەوە لێی "نزیکە لە خیانەت" و گوتیشی: "چۆن شتی وا دەبێت کاتێک ئێمە دەمانەوێ ناوچە کێشەلەسەرەکان بگەڕێنینەوە سەر هەرێمی کوردستان، کەچی بێین ئەوەی هەیشمانە دابەشی بکەین؟"
سەعدی پیرە دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی بە چارەسەر نەزانی و گوتی: "10 جاریش هەڵبژاردن بکرێتەوە، هیچ ناگۆڕدرێ" و ئاماژەی بەوەدا کە ئەو بودجەیەی بۆ هەڵبژاردن خەرج دەکرێ، دەتوانرێ بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری و سووککردنی باری ژیانی هاووڵاتییان بەکاربهێندرێ.
سەعدی ئەحمەد پیرە جەخت لەوە دەکاتەوە کە چارەسەری کێشەکان لە "چالاککردنی پەرلەمان و گەیشتن بە ئەنجامێکی باش بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی هەرێمی یەکگرتووی بەهێز"ە.
بە گوتەی ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، "کۆبوونەوەی پەرلەمان و دابەشکردنی پۆستەکان، هەمووی یەک پاکێجە" و ناکرێ لێکدی جیا بکرێنەوە. سەعدی پیرە هۆشداری دەدات لەوەی کە "کاراکردنی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت بێ یەکێتی" دەبێتە هۆی "قووڵکردنەوەی" کێشەکان.
سەعدی پیرە پێی وایە "پێکەوە کارکردنی" پارتی و یەکێتی "بەرگرییە لە هەرێمی کوردستان، پارێزگارییە لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەهێزترکردنی پێگەی هەرێمی کوردستانە لەنێو عێراقدا."
هەروەها دەڵێت، "دەبێت واز لەو چەمکە بێنین کە یەکێتی چی بە پارتی دەدات و پارتی چی بە یەکێتی دەدات. کەس هیچ بە کەس نادات، بەڵکو پێکەوە ئیش دابەش دەکەن."
