رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر خاکەکەی بە تووندی سەرکۆنە دەکات و ڕایدەگەیێنێت، واشنتن رێککەوتنی ئاگربەستی نیسانی رابردووی "بێ واتا" کردووە؛ هۆشداریش دەداتە وڵاتانی ناوچەکە لە هاوکاریکردنی سوپای ئەمریکا.
رۆژی پێنجشەممە 11ـی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا هێرشەکانی شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆی سوپای ئەمریکای بۆ سەر چەند شوێنێک لە نێو خاکی وڵاتەکەی بە "دەستدرێژییەکی بەربڵاو" ناوبرد و رایگەیاند: "ئەم هێرشانە پێشێلکاریی ئاشکرای پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەروەریی خاکی ئێرانە."
"ئاگربەست کۆتایی هات"
تاران لە پەیامەکەیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەم هێرشانە، رێککەوتنی ئاگربەستی 8ـی نیسانی 2026 بە تەواوی "بێ واتا" بووە. وەزارەتی دەرەوەی ئێران سوپای ئەمریکای بە "سوپایەکی تیرۆریستی" ناوبرد و هۆشداریی دایە وڵاتانی دراوسێ کە رێگە نەدەن خاک و تواناکانیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێندرێت، ئەگەرنا "وەکو لایەنی دەستدرێژیکار مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئێران پێداگری لەسەر بڕیاری خۆی دەکات بۆ لەناوبردنی سەرچاوە و بنکەی ئەو هێرشانە، ئەمەش لە چوارچێوەی مافی رەوای بەرگری لە خۆکردن."
رەخنە لە نەتەوە یەکگرتووەکان
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەخنەی تووندی ئاراستەی ئەنجوومەنی ئاسایش و سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و رایگەیاند، بێدەنگی و دەرکردنی لێدوانی "ناڕوون" بەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیل، تەنیا دەبێتە هۆی هاندانی ئەوان بۆ پێشێلکاریی زیاتر و جیهان بەرەو "پشێوی و نائارامی" دەبات.
ئەم ئاڵۆزییە نوێیانە دوای ئەوە هاتن کە ئێران کۆپتەرێکی جەنگیی ئەمریکی لە جۆری (ئەپاچی) خستەخوارەوە. لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی کرد و سوپای وڵاتەکەی زنجیرەیەک هێرشی کردە سەر ئێران، ئەوەش کاردانەوەی تووندی ئەرتەش و سوپای پاسدارانی لێکەوتەوە و بە مووشەک و درۆن بنکەکانی ئەمریکایان لە ناوچەکەدا کردە ئامانج.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)

