رووداو دیجیتاڵ
شەش بەرپرسی ئەمریکیی ئاگادار لە داتاکانی تایبەت بە زیانە مرۆییەکان لە جەنگی ئێراندا دەڵێن، لە سەرەتای جەنگی ئێرانەوە ژمارەی ئەو سەربازە ئەمریکییانەی کوژراون، زیاترە لەو ئامارە فەرمییەی کە وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بە شێوەیەکی گشتی بڵاویکردووەتەوە.
رۆژی هەینی، 18ی ئەیلوولی 2026، پێنج لەو بەرپرسانە بە رۆژنامەی واشنتن پۆستیان راگەیاند، لە 28ی شوباتەوە لانیکەم 22 سەربازی سوپای ئەمریکا کوژراون، ئەمەش چوار سەرباز زیاترە لەو 18 کوژراوەی کە بە فەرمی لەلایەن پێنتاگۆنەوە راگەیێندراون.
بەرپرسێکی دیکە ئاماژەی بەوە کردووە کە رەنگە ژمارەکە 23 سەرباز بێت، جگە لە کوژرانی سێ بەڵێندەری مەدەنیی ئەمریکی لە ناوچەکەدا.
بە گوتەی ئەو بەرپرسانە، تاوەکو ئێستا وردەکاریی چۆنیەتیی کوژران و ناسنامەی ئەو سەربازە زیادانە بە ناڕوونی ماوەتەوە، لە کاتێکدا وەزارەتی جەنگی ئەمریکا رەتیکردووەتەوە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو جیاوازییە بدات.
بە گوێرەی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا، شەش سەربازیان لە کوێت، چواریان لە ئوردن و هەشتەکەی دیکەشیان لە عێراق کوژراون.
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی وەڵامی دانەوە.



