رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی تەقەکردنی دوو چەکدار لەنێو کەنیسەیەک لە پارێزگای کەرەکی باشووری ئوردن، شەش کەس کوژران و 28 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتی ئوردن بە میدیاى وڵاتەکەى راگەیاند: "لانیکەم شەش کەس کوژراون، ئەوەش لە ئەنجامی دەستڕێژی گوللە لە کەنیسەی حەموود لە پارێزگای کەرەک. هاوکات 28 کەسی دیکەش بریندار بوون کە برینی بەشێکیان سەختە"، ئەمەش دوای ئەوەی دوو چەکدار چوونە نێو کەنیسەک لە کاتی پرسەیەکدا لە پارێزگای کەرەک و تەقەیان لە خەڵکی کرد.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هێرشەکە کەنیسەی یۆنانیی ئۆرسۆدۆکسی لە شارۆچکەی حەموود لە باکووری کەرەک کردووەتە ئامانج، کە زۆربەی دانیشتووانەکەی کریستیانن.
شایەتحاڵێک بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند کە ئۆتۆمبێلێک چووەتە بەردەم کەنیسەکە کە دوو چەکداری تێدا بووە، چەکدارەکان چوونەتە ژوورەوە و بۆ نزیکەی پێنج خولەک بە شێوەیەکی بەردەوام دەستڕێژی گوللەیان کردووە و پاشان بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوون.
شایەتحاڵان ئاماژەیان بەوە کردووە، لە کاتی هێرشەکەدا لە نێوان 150 بۆ 200 کەس لە نێو کەنیسەکە و دەوروبەریدا بوون، زۆربەی قوربانییەکان تەمەنیان لەنێوان 50 بۆ 70 ساڵدایە.
شایەتحاڵەکان باس لەوە دەکەن، یەکێک لە چەکدارەکان کڵاشینکۆف و ئەوی دیکەیان دەمانچەی پێبووە.
محەممەد مۆمەنی، گوتەبێژی حکومەت رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوانیان دەستپێکردووە و هێزەکانی ئاسایشی گشتی لە ناوچەکەدا بڵاوەیان پێکراوە و هەوڵ دەدەن بە زووترین کات تۆمەتبارە هەڵاتووەکان دەستگیربکەن.
تاوەکو ئێستا هیچ لایەن و گرووپێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە.
شاری کەرەک کە دەکەوێتە باشووری ئوردن، شوێنی نیشتەجێبوونی کۆمەڵگەیەکی بەرچاو و مێژوویی کریستیانەکانە لە نێو ئەو وڵاتەی کە زۆربەی دانیشتووانەکەی موسڵمانن.



