رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوان لە کەرتی رۆژئاوا دەکات، کە بە گوتەی خۆی، لە ساڵی 1967ـەوە وێنەی نەبووە. ئەمەش دوای ئەوە هات کە رۆژی هەینی لە هێرشێکی چەکداریدا لە نزیک شاری خەلیل لەو ناوچەیەی فەلەستین، دوو سەربازی ئیسرائیلی کوژران و سێ سەربازی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی هەینی، 23ی تشرینی یەکەمی 2026، نەتەنیاهوو کاتێک بە یاوەریی یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری سەردانی خەلیلی کرد، رایگەیاند، هێزەکانی سوپا ئامادەن و کاتی جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە دەستنیشان دەکەن.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد کە قۆناخی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکە بریتی دەبێت لە "چوونە ناو ئەو گەڕەکەی چەکدارەکانی لێوە هاتوون، دەرکردن و چۆڵکردنی دانیشتووانەکەی، پشکنینی ماڵ بە ماڵ و وێرانکردنی ژێرخانی تیرۆر."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتیشی، سوپا هەمان ئەو مۆدێلە پەیڕەو دەکات کە لە کەمپەکانی باکووری کەرتی رۆژئاوا لە کانوونی دووەمی 2025 جێبەجێی کرد، کە بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان، بووە هۆی ئاوارەبوونی زۆرەملێی هەزاران کەس.
ئەم گرژییانە تەنیا چەند رۆژێک پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە گشتییەکانی ئیسرائیل دێن، کە تێیدا نەتەنیاهوو لە کێبڕکێیەکی زۆر سەختدایە. بەهۆی ئەم رووداوەوە، نەتەنیاهوو فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی تەواوی چالاکییە هەڵبژاردنییەکانی پارتی لیکودی دەرکرد و بڕیاری گەمارۆدانی ناوچەکانی کەرتی رۆژئاوای دا.
ئۆپەراسیۆنی ساڵی 1967؛ ئەو جەنگەی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گۆڕی
لە 5ـی حوزەیرانی ساڵی 1967، ئیسرائیل جەنگێکی بەرفراوانی دەستپێکرد کە بە "جەنگی شەش رۆژە" ناسرا.
لە کەمتر لە هەفتەیەکدا، سوپای ئیسرائیل توانی زەبری گەورە بەر سوپاکانی میسر، ئوردن و سووریادا بدات.
لەو جەنگەدا ئیسرائیل دەستی بەسەر تەواوی کەرتی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی قودس-ئۆرشەلیمدا گرت.
هەروەها کەرتی غەززە و نیمچەدوورگەی سینای لە میسر و بەرزاییەکانی گۆلانی لە سووریا کۆنترۆڵکرد.
کاردانەوەکان؛ لە داواکاری بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی فەلەستینی تا دەستخۆشیی حەماس
وەزیرە راستڕەوەکانی حکومەتەکەی نەتەنیاهوو داوای رێکاری زۆر تووند دەکەن. بتسەلیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی داوای کردووە کە ئۆپەراسیۆنێکی هاوشێوەی ئۆپەراسیۆنەکەی چەند ساڵی رابردووی کەرتی غەززە لە کەرتی رۆژئاوا دەستپێبکات بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی فەلەستینی، کۆکردنەوەی چەک و رووخاندنی یەکجاریی ئەو باڵەخانانەی دانیشتووانەکەیان عەرەبن و لە نزیک شوێنی هێرشەکە دروستکراون.
ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئاماژەی بە هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی فەلەستینی لە رامەڵڵا کرد.
لە بەرامبەردا بزووتنەوەی حەماس بەبێ ئەوەی بەرپرسیارێتیی هێرشەکە لە ئەستۆ بگرێ، ستایشی کردەوەکەی کرد و بە "ئۆپەراسیۆنێکی قارەمانانە" و "وەڵامێکی سرووشتی بۆ تاوانەکانی ئیسرائیل" ناوی برد و داوای لە لایەنگرانی کرد کە زەوی لەژێر پێی هێزەکانی ئیسرائیل بکەنە ئاگر.
ئەم تەقینەوە ئەمنییە لە کاتێکدایە، گرژییەکان لە کەرتی رۆژئاوا لە لووتکەدان. لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە تشرینی یەکەمی 2023ـەوە، لانیکەم هەزار و 113 فەلەستینی لەلایەن سوپای ئیسرائیل و جووە نیشتەجێکراوەکانەوە لە کەرتی رۆژئاوا کوژراون، لە بەرامبەریشدا لانیکەم 49 ئیسرائیلی کوژراون.
.jpeg&w=3840&q=75)

