رووداو دیجیتاڵ
بە سەرپەرشتیی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و هاوتا ئوردنییەکەی، ئەمڕۆ دووشەممە رێوڕەسمی واژۆکردنی 9 یاداشتی لێکتێگەیشتن و بەرنامەی جێبەجێکاری لە نێوان هەردوو وڵات بەڕێوەچوو.
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە ئەمڕۆ 26ـی تشرینی یەکەمی 2026 بڵاوکراوەتەوە، هەردوو وڵات بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان لە چەندین بواری جیاوازی ئابووری، ژینگەیی، پەروەردەیی و دیپلۆماسیدا، لەسەر کۆمەڵێک لێکتێگەیشتن و بەرنامەی جێبەجێکردن رێککەوتوون.
یاداشت و بەرنامە واژۆکراوەکان ئەمانەن:
- یاداشتی لێکتێگەیشتن بۆ هاوکاری لە بواری کێبڕکێ و رێگری لە قۆرخکاری.
- یاداشتی لێکتێگەیشتن لە بواری پاراستنی ژینگە.
- یاداشتی لێکتێگەیشتن بۆ هاوکاری لە بواری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ ساڵانی 2026 – 2031.
- یاداشتی لێکتێگەیشتن بۆ هاوکاری لە بواری پاراستنی بەکاربەردا.
- یاداشتی لێکتێگەیشتن لە بواری بەڵگەنامە و ئەرشیفدا.
- یاداشتی لێکتێگەیشتن تایبەت بە هاوکاریی نێوان پەیمانگەی دیپلۆماسی و پەیمانگەی خزمەتگوزاریی دەرەوە لە کۆماری عێراق.
- میکانیزمی هاوکاری لە بواری پاڵپشتیکردنی پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکان.
- رێککەوتنی هەموارکراوی بەرنامەی جێبەجێکاری بۆ هاوکاریی کولتووری بۆ ساڵانی 2026 – 2028.
- بەرنامەی جێبەجێکاری بۆ هاوکاری لە بواری پەروەردە بۆ ساڵانی 2026 – 2028.
واژۆکردنی ئەم یاداشتانە دوای سەردانێکی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندێکی یاوەری بوون بۆ ئوردن.


