رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای هاوئاهەنگیی ئابووریی سەر بە سەرۆکایەتیی هەر سێ دەسەڵاتەکەی ئێران بڕیارێکی نوێی لەبارەی پێناسەی گومرگی بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل پەسند کرد. بەگوێرەی بڕیارەکە، گومرگی ئۆتۆمبێلی بەنزین و هایبرید بۆ 100% بەرز دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 26ی تشرینی یەکەمی 2026، میدیاکانی ئێران نووسراوێکیان بڵاوکردەوە، کە واژۆی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمار، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و غولامحوسێن موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێرانی لەسەرە و تێیدا بڕیار دراوە، گومرگی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بۆ نێو خاکی ئێران و ناوچە ئازادە ئابووری و بازرگانییەکانەوە زیاد بکرێت.
بەپێی بەڵگەنامەکە، گومرگی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی بەنزینی و هایبرید بۆ نێو خاکی ئێران، لانیکەم 100% زیاد دەکرێت.
بڕیار دراوە، گومرگی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بۆ ناوچە ئازادەکان 60٪ بەرز بکرێتەوە، بەڵام ئەگەر لە ناوچە ئازادەکانەوە بۆ پارێزگاکانی ئێران هاوردە بکرێ، گومرگەکە بۆ 60٪ زیاد دەکرێت.
پێشتر گومرگی ئۆتۆمبێلەکان بەگوێرەی قەبارەی بزوێنەرەکانیان لە 20٪ـەوە تاوەکو 170٪ـی نرخی بنەڕەتیی ئۆتۆمبێلەکان بوو، بۆ نموونە ئەگەر ئۆتۆمبێلێک بزوێنەرەکەی هەزار و 500 سی سی بووایە و نرخی بنەڕەتیی 15 هەزار دۆلار بووایە 20٪ی ئەو نرخەیان وەکو گومرگ لێ وەردەگرت کە دەیکردە سێ هەزار دۆلار، بەڵام ئێستا دوو هێندەیە، واتا شەش هەزار دۆلار گومرگ لە هەمان ئۆتۆمبێل وەردەگیرێت.
بەپێی نووسراوەکە، بڕیاری زیادکردنی پێناسی گومرگی بۆ ئۆتۆمبێلە هاوردەکراوەکان، ئەو ئۆتۆمبێلانە ناگرێتەوە کە تەواو کارەبایین.
هەر لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە؛ داهاتی ئەم پێناسە نوێیە بە 150 تریلیۆن تمەن دەخەمڵێنرێت، کە دەکاتە نزیکەی 555 ملیۆن دۆلار و سەرجەم پارەکەش بۆ کۆبۆنی خۆراک و بەهێزکردنی سەبەتەی خۆراکی خێزانەکان خەرج دەکرێت.
زیادکردنی پێناسی گومرگی بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل لە کاتێکدایە، هەفتەی رابردوو، حوسێن فرووزان، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ناوچە ئازادەکانی ئێران رایگەیاند، بە بڕیاری مەسعود پزیشکیان، هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی سەڕووی 20 هەزار دۆلار لە رێگەی ناوچە ئازادەکانی ئەو وڵاتە رادەگیرێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی گومرگی ئێران، لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا زیاتر لە 27 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردەی ئەو وڵاتە کراون.



