رووداو دیجیتاڵ
کەناڵی سی ئێن ئێن لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە دەڵێت، هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست فەرمانیان پێکراوە کە تەنیا لە ماوەی 96 کاژێردا لە کاتی وەرگرتنی فەرمان لە دۆناڵد ترەمپەوە، ئامادە بن بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی گەورە لە دژی ئێران.
وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئێستا هێزێکی زۆر لە ناوچەکەدا جێگیر کراون و پێشبینی دەکرێت ئەم هێرشانە (کە رەنگە پێش یان لە دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی ئەمریکا بکرێن) تەنیا وەک پەرچەکردارێکی سادە نەبن، بەڵکو بۆردوومانێکی سەختی کەرتی وزە، پێگە سەربازییەکان و ئەتۆمییەکان ئێران لەخۆبگرن.
هۆشداریی هەواڵگری
بەپێی دوایین راپۆرتی هەواڵگریی ئەمریکا، ئێران و چەکدارانی حووسی ئامادەکاری بۆ وەڵامدانەوەی خێرا دەکەن و سی ئێن ئێن ئاماژە بەوە دەکات، تاران هەوڵەکانی بۆ بەئامانجگرتنی کارمەندانی ئەمریکی لە ناوچەکەدا زیادکردووە.
کشانەوەی دیپلۆماتکاران
بەهۆی ئەم مەترسییانەوە، واشنتن دەستی کردووە بە کشانەوەی بەشێک لە کارمەندانی باڵیۆزخانەکانی لە ناوچەکەدا. هەروەها ئەو سەربازە ئەمریکییانەش کە بڕیار بوو تازە بنێردرێنە ناوچەکە، گەشتەکەیان هەڵدەوەشێنرێتەوە.
دۆخی تەنگەی هورمز
فەرماندەی سێنتکۆم لەم دواییانەدا سەردانی تەنگەی هورمزی کرد، لە کاتێکدا هێزەکانی ئەمریکا پارێزگاری لە کەشتییەکان دەکەن و ناوچەکە لە مین پاکدەکەنەوە.
هەڵوێستی ئیسرائیل و نەتانیاهوو
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەیویست پێش هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئیسرائیل هێرشی هاوبەش لەگەڵ ئەمریکادا بکەنە سەر ئێران، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا داوایان لێکرد کات بدات و هێرشەکان دواخەن تاوەکو لەگەڵ ئەمریکادا بە هاوئاهەنگی هەنگاو دەنێن. لە لایەکی دیکەشەوە، فەرماندەی سوپای ئیسرائیل هۆشداری دابوو کە ئەنجامدانی هێرشی پێشوەختە رەنگە هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل تووشی پەککەوتن بکات، ئەمەش بووە هۆی کێشمەکێشی سیاسی لەو وڵاتەدا.
راپۆرتەکەی سی ئێن ئێن دەڵێت، ئێستا ئیسرائیل چاوەڕێی گڵۆپی سەوزی ئەمریکایە و ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دەکات، کە پێشبینی دەکرێت لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بکرێن، بە مەبەستی لاوازکردنی زیاتری دەسەڵاتی تاران.

.jpg&w=3840&q=75)

