رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی دووشەممە هۆشداریی دا کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی سوپای ئیسرائیل لە شاری خەلیل لە کەرتی رۆژئاوا، نیگەرانیی گەورەی سەبارەت بە روودانی "پاکتاوی نەژادی" دروست کردووە.
رۆژی هەینی لە نزیک شارەکە، دوو چەکداری فەلەستینی تەقەیان کرد و دوو سەربازی ئیسرائیلیان کوشت. خۆیشیان لە پێکدادانێکدا کوژران. دوای ئەم رووداوە و چەند رۆژێک پێش هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل، سوپای ئیسرائیل چوونە نێو گەڕەکی عەین دەیر بەها، کە شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو دوو هێرشبەرە بوو، فەرمانیان بە دانیشتووانی گەڕەکەکە کرد ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و بڕۆن.
راگواستنی هەزاران هاووڵاتی بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکەوە
شارەوانیی شاری خەلیل، کە گەورەترین شاری فەلەستینە، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، بەهۆی ئەم ئۆپەراسیۆنەوە 3 هەزار و 189 کەس بە زۆر لە ماڵەکانیان راگوێزراون.
ڤۆڵکەر تورک، بەرپرسی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، ئەم هەنگاوانەی ئیسرائیل سزای بەکۆمەڵی خەڵکن، خانوو و شوێنی بازرگانی رووخێنراون و خەڵک لە مافی هاتووچۆ بێبەش کراون، کە ئەمەش پێشێلکارییەکی گەورەی یاسای نێودەوڵەتییە.
نیگەرانییەکانی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە قاهیرە رایگەیاند، ئەوان بە تووندی نیگەرانیی توندوتیژیی جووە هاوردەکان و راگواستنی بەردوامی فەلەستینییەکانن. هەروەها رایگەیاند، هەڕەشەی پاکتاوی نەژادی لە ناوچەکەدا گەورەتر دەبێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل هۆشدارییەکە رەتدەکاتەوە
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل هۆشدارییەکەی نەتەوە یەکگرتووەکانی رەتکردەوە و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "ئەمە راپۆرتی مافی مرۆڤ نییە، بەڵکو بەڵگەنامەیەکی پڕوپاگەندەیە کە دوورە لە راستییەوە و ئامانج لێی لاوازکردنی مافی بەرگریکردنی ئیسرائیلە."

.jpg&w=3840&q=75)

