رووداو دیجیتاڵ
موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندە باڵاکانی تورکیا، پاکستان و سعودیە لە تاران رایگەیاند، سەردانی بەرپرسانی ئەو سێ وڵاتە دەریخست کە هەڕەشەکانی ئەمریکا بێکاریگەرن، و جەختیشی کردەوە کە دەبێت ئاسایشی ناوچەکە بە دەستی وڵاتانی خۆی بێت و رێگری لە دەستێوەردانی دەرەکی بکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 26ی تشرینی یەکەمی 2026، تاران میوانداریی کۆبوونەوەیەکی لووتکەی چوارقۆڵیی ئەمنیی کرد، کە تێیدا هەریەک لە شازادە خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگریی سعودیە؛ جەنەراڵ عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) ئامادەی بوون. شاندەکە لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمار؛ موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایش و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبوونەوە.
موحسین رەزایی دوای کۆبوونەوەکە بە میدیاکانی راگەیاند: "لە دوای خۆڕاگریی گەلی ئێران، کەشێکی نوێ و ئەرێنی لە گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا، پاکستان و سعودیە دروستبووە. هەمووان گەیشتووینەتە ئەو باوەڕەی کە چارەسەری کێشەکان ئەوەیە هەر چوار وڵات پێکەوە کاربکەین."
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران گوتیشی: "لە کۆبوونەوەکەدا گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە ئاسایش لە رۆژئاوای ئاسیا دەبێت ناوخۆیی بێت و دەبێت رێگری لە هەر دەستێوەردانێکی بیانی و دەرەکی بکرێت. ئەم هاوکارییەش دەبووایە زۆر زووتر دەستی پێکردبا."
بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا پرسی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە، پێشهاتەکانی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا و دەستپێشخەرییەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە.
لەلایەکی دیکەوە، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد کە ئەم کۆبوونەوەیە بە دەستپێشخەریی فەرماندەی سوپای پاکستان بووە، ئامانج لێی گەیشتنە بە لێکتێگەیشتنی راستەوخۆی نێوان وڵاتانی ناوچەکە تاوەکو سیستمێکی ئەمنیی هاوبەش لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بنیات بنێن.
.jpg&w=3840&q=75)



