رووداو دیجیتاڵ
بە گوتەی سێ بەرپرسی باڵای بەرگریی ئیسرائیل و سێ کەسی دیکەی ئاگادار کە قسەیان بۆ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز داوە کردووە، پێش هەڵبژاردنە چارەنووسسازەکەی رۆژی سێشەممەی ئیسرائیل، بنیامین نەتەنیاهوو بۆ چەندین هەفتە هەوڵی داوە هێرشێکی ئاسمانیی دیکەی بەرفراوان بکاتە سەر ئێران، بەڵام رووبەڕووی رێگریی تووندی سوپاسالاری ئیسرائیل بووەتەوە.
هەروەها بەرپرسێکی ئیسرائیلی و کەسێکی دیکە بە نیویۆرک تایمزیان راگەیاندووە، لەم چەند رۆژەی رابردوودا، جەنەڕاڵ ئەیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل نیگەران بووە لەوەی نەتەنیاهوو دەستی کردووە بە گوشارکردن بۆ کردنی جۆرە کارێکی دیکە دژی ئێران کە نەگاتە ئاستی هێرشێکی ئاشکرا، بێ ئەوەی جۆری کارەکە ئاشکرا بکەن.
ئەو بەرپرسانە دەڵێن، جەنەڕاڵ زامیر پێی وابووە ئەم هەنگاوەی نەتەنیاهوو هەڵەیەکی گەورەیە و لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی ئێران هان بدات هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل.
ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییانە بە مەرجی شاردنەوەی ناوەکانیان قسەیان بۆ نیویۆرک تایمز کردووە، چونکە رێگەپێدراو نین بە ئاشکرا قسە بۆ میدیاکان بکەن.
هۆکاری ئەوەی نەتەنیاهوو گوشاری کردووە پێش هەڵبژاردنەکان هێرش بکرێتە سەر ئێران روون نییە، بەڵام گەڕانەوە بۆ شەڕ دەیتوانی پرۆسەی هەڵبژاردنەکە تێکبدات یان دوایبخات. گوتەبێژەکانی نەتەنیاهووش ئامادە نەبوون وەڵامی پرسیارەکانی نیویۆرک تایمز بدەنەوە لەسەر ئەم بابەتە.
بەکارهێنانی ترسی خەڵک بۆ مەرامی سیاسی
ئەم ناکۆکییە شاراوەیەی ناوخۆی ئیسرائیل لەسەر هێرشکردنە سەر ئێران لە کاتێکدایە، نەتەنیاهوو بە ئاشکرا هەڵبژاردنەکان وەک پرسێکی "مان و نەمان" بۆ خەڵک باس دەکات. رۆژی یەکشەممەی رابردوو، وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە بە ژیریی دەستکرد دروست کرابوو، تێیدا دووکەڵی تەقینەوەیەکی گەورەی وەک بۆمبی ئەتۆمی بەسەر ئاسمانی شاری تەلئەڤیڤدا دەبینرا. لە تەلەفزیۆنیشەوە هۆشداری دا کە ئەم هەڵبژاردنە بڕیار لەسەر "مانەوەی ئیسرائیل" دەدات. مەبەستی نەتەنیاهوو ئەوەیە دەنگدەران وا تێبگەن ململانێ لەگەڵ ئێران تاکە کێشەی گرنگە، بۆیە دەبێت متمانەی پێبدەنەوە بۆ ئەوەی شەڕەکە بەڕێوەببات.
بۆچی سوپا دژی نەتەنیاهوو وەستایەوە؟
کاتێک نەتەنیاهوو گوشاری کردووە بۆ گەرمکردنی ململانێکان، جەنەڕاڵ زامیر نیگەرانی دەربڕیوە و بڕیاری داوە کە "هیچ پێویستییەکی خێرا و بەپەلە نییە بۆ هێرشکردن،" ئەمە وەک لە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکەدا باس کراوە. ئەم قسەیەی سوپاسالار رێگەی لە نەتەنیاهوو گرتووە کە پاساوی ئەوە بهێنێتەوە گوایە هێرشەکە لە رووی سەربازییەوە زۆر پێویستە.
دوو بەرپرسی باڵای بەرگری بە نیویۆرک تایمزیان گوتووە، جەنەڕاڵ زامیر لە بنچینەدا دژی لێدانی ئێران نییە، بەڵکو دژی ئەوە بووە رێک پێش هەڵبژاردنەکان شەڕ هەڵبگیرسێت. سوپاسالار و فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل پێیان وابووە کە زۆر زەحمەتە بۆ خەڵکی روون بکەنەوە بۆچی دەبێت لەم کاتە هەستیارەدا هێرش بکرێت. سوپای ئیسرائیلیش لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بڕیارەکانیان تەنیا لەسەر بنەمای ئاسایشی وڵات دەدرێت.
مەترسییەکانی دوای هەڵبژاردن
سێ بەرپرسی باڵای بەرگری و دوو کەسی ئاگادار بە نیویۆرک تایمزیان راگەیاندووە کە کێشەکە بە هەڵبژاردنی رۆژی سێشەممە کۆتایی نایەت. ئەگەر رکابەرەکانی نەتەنیاهوو هەڵبژاردن ببەنەوە، دەبێت حکومەت پێکبهێنن، بەڵام ئەگەر نەتەنیاهوو دوای هەڵبژاردن شەڕ هەڵبگیرسێنێت، دەتوانێت رێگرییان لێ بکات لە پێکهێنانی حکومەت، تەنانەت لەوانەیە گوشاریان بخرێتە سەر بۆ ئەوەی "حکومەتێکی یەکڕیزیی نیشتمانی" دروست بکەن کە نەتەنیاهوو خۆی تێیدا بەشدار بێت.
کاتێک ئەم هەواڵانە دزەیان کردە نێو میدیاکانی ئیسرائیل، توڕەییەکی زۆری لێکەوتەوە. ئەڤیگدۆر لیبەرمان، کە رکابەری نەتەنیاهوویە، داوای لە داواکاری گشتی کرد لێکۆڵینەوە بکات و بزانرێت ئایا نەتەنیاهوو "ناپاکیی گەورەی" کردووە. لیبەرمان گوتی: "هەوڵدان بۆ راکێشانی وڵات بۆ نێو شەڕێک و قوربانیدان بە سەربازەکانمان تەنیا لە ترسی دۆڕان لە هەڵبژاردن، ناپاکیکردنە لە نەتەوە."
هەڕەشە ئابوورییەکان و وەڵامی تووندی بەرهەڵستکاران
نەتەنیاهووی تەمەن 77 ساڵ، لە دوا رۆژەکانی بانگەشەدا زۆر قسەی سەیر و مەترسیداری کرد. ئەو گوتی کە ئەگەر ئەو نەبێت، ئیسرائیل لەنێودەچێت و ئەمریکا ملیاران دۆلاری لێ دەبڕێت. تەنانەت گوتی، رەنگە سزای بانکی نێودەوڵەتی بخرێتە سەر ئیسرائیل و ناچار بن پشت بە دراوی دیجیتاڵی (کریپتۆ) ببەستن.
ئەم قسانە وایکرد بانکی ناوەندیی ئیسرائیل بێتە دەنگ و بڵێت، کریپتۆ ناتوانێت ئابووریی وڵات رزگار بکات، هەروەها پارێزگاری پێشووی بانکەکەش گوتی، ئەم کارە ئیسرائیل دەکاتە وڵاتێکی "پەراوێزخراو و نەخۆش". یائیر لاپید، سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنیش گوتی: "نەتەنیاهوو هۆشی لەدەستداوە، پێمان دەڵێت دەنگم پێ بدەن با ئیسرائیل بە گۆشەگیری بمێنێتەوە!"
نەتەنیاهوو هەروەها خۆی بە سەرکردەیەکی ساڵانی سییەکانی سەتەی رابردووی جووەکان چوواند کە هۆشداری دەدا لە هۆلۆکۆست و بەڵێنی دا بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەنێوببات، هەرچەندە پێشتریش چەندین جار شانازی بە لەنێوبردنی ئەو بەرنامەیەوە کردبوو!
لە بەرامبەردا، ئۆپۆزسیۆن بە سەرۆکایەتی گادی ئایزنکۆت، سوپاسالاری پێشوو پێیان وایە ئەم هەڵبژاردنە دوایین دەرفەتە بۆ رێگریکردن لەوەی ئیسرائیل ببێتە دەوڵەتێکی دیکتاتۆریی ژێردەستی راستڕۆوە ئایینییەکان. ئایزنکۆت بەڵێنی داوە لێکۆڵینەوە لە شکستی حکومەت بکات لە هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023ی حەماس، هاوپەیمانە ئایینییەکانی نەتەنیاهووش ناچار بکات کە خزمەتی سەربازی بکەن.

.jpg&w=3840&q=75)
